وەزارەتی ناوخۆ نوێکردنەوەی مۆڵەت و ساڵیانەی شۆفێری دەکاتە ئەلیکترۆنی و چەند بڕیارێکی گرنگ ڕاگەیاند.

 
ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی خزمەتگوزارییە ئەلیکترۆنییەکانی هاتووچۆی لە شاری هەولێر ڕاگەیاند، کە لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.

 
لە ئەمڕۆوە، سیستەمەکە لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر لە بەشی بارهەڵگر کارا کراوە و لە ئایندەیەکی نزیکیشدا سەرجەم جۆرەکانی دیکەی ئۆتۆمبێل دەگرێتەوە، ساڵیانەی نوێ هاوشێوەی مۆڵەتی شۆفێری لەسەر شێوازی کارتی ستاندارد دەبێت.
 
هێمن میرانی ڕوونی کردەوە، ساڵی ڕابردوو سیستەمی ئەلیکترۆنیی نوێکردنەوەی مۆڵەت و ساڵیانەی شۆفێری لە پارێزگای دهۆک کارا کرابوو، بەڵام لە هەولێر بەهۆی قەبارەی گەورەی مامەڵەکان و جەنجاڵییەوە کەمێک دواکەوت، هاوکات ئامادەکارییەکان لە سلێمانی، هەڵەبجە، زاخۆ، گەرمیان، سۆران و ڕاپەڕین بەردەوامن و باڵەخانەی ساڵیانەی سلێمانیش لە قۆناغی کۆتاییدایە.
 
ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم سیستەمە ئەلیکترۆنییە بریتین لە:

1. هاووڵاتییان بتوانن لە ماڵەوە مامەڵەی دەرهێنان و نوێکردنەوەی مۆڵەت و ساڵیانە ئەنجام بدەن.
2. بەهێزکردنی خاوەندارێتی و ڕێگری لە هەر جۆرە ساختەکارییەک.
 
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ جەختی کردەوە، ماوەی گواستنەوەی خاوەندارێتیی ئۆتۆمبێل لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا لە 60 ڕۆژەوە بۆ 90 ڕۆژ درێژ کراوەتەوە، داواشی لە هاووڵاتییان کرد لە کاتی کڕینی هەر ئۆتۆمبێلێکدا لەو ماوەیەدا خاوەندارێتییەکەی بگوازنەوە بۆ سەر ناوی خۆیان بۆ ئەوەی تووشی هیچ کێشەیەک نەبن.
 
ناوبراو وەک نموونەیەک بۆ کێشەکانی خاوەندارێتی، گووتی: "پێشتر هاووڵاتییەک هەزار و 280 ئۆتۆمبێلی بە ناویەوە بووە و دوای ئەوەی کۆچی دوایی کردووە، ئەو ئۆتۆمبێلانە بوونەتە میرات بۆ منداڵەکانی، لە کاتێکدا هی کەسانی دیکەن"، لەبارەی تێچووەکانیشەوە دڵنیایی دا کە هیچ باج و ڕسووماتێک زیاد نەکراوە و تەنیا شێوازی پڕۆسەکە کراوەتە ئەلیکترۆنی.
 
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ لەسەر شێوازی دانەوەی پێبژاردنەکان (غەرامە)، ڕایگەیاند کە لە ڕێگەی ئەپی KRG Pass لە ئێستادا هاووڵاتییان تەنیا دەتوانن بڕی سزاکانیان ببینن، بەڵام لە ئایندەیەکی نزیکدا خزمەتگوزاریی پارەدانی ئەلیکترۆنیش لە ڕێگەی ئەپەکەوە کارا دەکرێت.
 
هاوکات بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ دڵناییدا، پەیوەندییەکی زۆر باش لە نێوان هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و هاتووچۆی هەرێم و عێراقدا هەیە، هەر ئۆتۆمبێلێک بە تابلۆی عێراقی لە هەرێم سەرپێچی بکات تۆمار دەکرێت و بەپێچەوانەشەوە بۆ تابلۆکانی هەرێم لە عێراق بە هەمان سیستەم پەیڕەو دەکرێت.
 
لەسەر بابەتی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان، هێمن میرانی جەختی کردەوە کە ڕێگە نادرێت هیچ ئۆتۆمبێلێکی بێسەرەتا لەسەر شەقامەکان بمێنێتەوە، چونکە هیچ مەرجێکی سەلامەتییان تێدا نییە و زۆربەیان بڕاوەن، ئاشکراشی کرد، لە کۆی 7 هەزار ئۆتۆمبێلی پشکنراو، تەنیا 300 دانەیان مەرجەکانی سەلامەتییان تێدابووە و تۆمار کراون، ئەوانی تر بەهۆی بڕاوەیی ڕەت کراونەتەوە، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد هەر ئۆتۆمبێلێکی هاوردەکراو کە بڕاوە، سووتاو، یان ژێرئاوکەوتوو بێت، بە هیچ شێوەیەک تۆمار ناکرێت و مامەڵەی بۆ جێبەجێ ناکرێت.
 
سەبارەت بە شۆفێریکردن لەسەر هێڵکارییەکان، لە کۆنگرەکەدا هۆشداری درایە شۆفێران، کە نابێت لەسەر هێڵکارییەکانی شەقام ئۆتۆمبێل لێبخوڕن، بەڵکو دەبێت لە نێوان هێڵەکاندا بن، چونکە لێخوڕین لەسەریان دەبێتە هۆی کاڵبوونەوە و تێکچوونیان و ئەمەش بەپێی ستانداردە جیهانییەکان سەرپێچییە.
 
میرانی لە کۆنگرەکەدا ئاشکراشی کرد، کە کار لەسەر داڕشتنی میکانیزمێک دەکرێت بۆ ڕێگریکردن لە هاتووچۆی بارهەڵگرەکان لە سەنتەری شارەکان لە کاتەکانی دەوامی فەرمیدا، سەبارەت بە سیستەمی هێڵی گەرمی فریاکەوتنی 911ـش، ڕوونی کردەوە کە ماوەی 5 ساڵە کار لەسەر ئەم پڕۆژەیە دەکرێت و قۆناغی باشی بڕیوە، بەڵام بەهۆی کێشەی داراییەوە تائێستا تەواونەبووە.