کاتژمێر 12ـی ئەمشەو پڕۆسەی پێشکەشکردنی فۆرمی زانکۆلاین بۆ دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بە هەموو بەشەکانییەوە کۆتایی دێت و ماوەکەی درێژ ناکرێتەوە. وەزارەتی خوێندنی باڵا داوا لە قوتابییان دەکات پێش تەواوبوونی وادەکە فۆرمەکانیان بنێرن.
ئەمڕۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، ئەمشەو لە ڕێکەوتی 26ـی ئەیلوولی 2026، سیستمەکە بە ڕووی دەرچووانی بەشەکانی زانستی، وێژەیی، پیشەیی و خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان لە ڕێگەی وێبسایتی فەرمیی ڕێگەی زانکۆوە دادەخرێت.
وەزارەت ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەو خوێندکارانەی تا ئێستا فۆرمەکانیان تەواو نەکردووە، دەتوانن لەم چەند کاتژمێرەی ماوە فۆرمەکانیان پڕ بکەنەوە و لە ڕێگەی سیستمەکەوە بینێرن. ئەم هەنگاوە دەرچووانی خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان و پیشەیییەکانیش دەگرێتەوە.
سیستەمی زانکۆلاین ساڵانە وەک دەروازەی سەرەکی بۆ وەرگرتنی خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنرێت و لەسەر بنەمای نمرە و شایستەیی خوێندکاران دابەش دەکرێن.
پێشتر وهزارهتی خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستی بڕیاری درێژكردنهوهی پڕۆسەی پێشکەشکردنی فۆرمی زانکۆلاین بۆ دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بۆ ماوهی 48 كاتژمێر دا بوو.