بەرپرسێکی باڵای سەربازیی هەرێمی کوردستان، کۆتاییهاتنی هاوکارییە دارایییەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بە فەرمی ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ فەریق ڕوکن بەختیار محەممەد سدیق، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، ماوەی دیاریکراوی هاوکارییە دارایییەکانی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە، بەپێی ڕێککەوتنی پێشوەختە کۆتاییی پێ هات.
بە گوتەی ناوبراو، هاوکارییەکانی مانگەکانی ئاب و ئەیلوولی 2026 دوایین بەش بوون کە لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنەدا دابەش کرابوون.
ئەمینداری گشتیی وەزارەتەکە ڕوونی کردەوە کە یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوولا، لە 21ی ئەیلوولی 2022 دەستی پێ کرد و تا 21ی ئەیلوولی 2026 کاری پێ دەکرا؛ لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئەم ماوە چوار ساڵەیەدا، ناردنی پارەش لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە ڕاوەستاوە.
وەزارەتی پێشمەرگە پێشتریش ڕایگەیاندبوو کە دوایین بەشی هاوکارییەکان بۆ مانگەکانی ئاب و ئەیلوول لە 24ی ئەیلوولدا بەسەر هێزەکاندا دابەش کراوە. لە بەرامبەر بڕانی ئەم پشتیوانییە دارایییەدا، بەرپرسانی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە داوایان لە حکومەتی فیدراڵیی عێراق کردووە، بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشایییە داراییە، مووچەی پێشمەرگە هاوتای هێزە ئەمنییەکانی عێراق ڕێک بخات.
هاوکارییە داراییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە لە چوارچێوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ تێکشکاندنی داعش بوو. هێزەکانی هاوپەیمانان لە ساڵی 2014ەوە ڕۆڵێکی کارایان گێڕاوە لە هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان، کە ئەو هاوکارییانەش بە شێوەیەکی کرداری، لە دابینکردنی پێداویستیی لۆجستی، پێشکەشکردنی بڕە پارەی مانگانە و کردنەوەی خولی مەشق و ڕاهێنانی پێشکەوتوو بۆ پێشمەرگەدا خۆیان دەبینییەوە.