ژمارەیەکی تری ڕووفاتی ئەنفالکراوان کە لە 150 ڕووفات زیاترە، دەگەڕێنرێنەوە هەرێمی کوردستان و بە خاک دەسپێردرێن.

 

فەرمانگەی پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و بێسەروشوێنبووان لە عێراق ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ شەممە ڕێکەوتی 26ی ئەیلوول، نۆیەمین کاروانی ڕووفاتی ئەنفالکراوان دەگەڕێنرێتەوە هەرێمی کوردستان و دوای تەواوبوونی ڕێکارەکان، ڕادەستی کەسوکاریان دەکرێنەوە و بە خاک دەسپێردرێن.

 

فەرمانگەکە ڕوونی کردەوە کە ڕووفاتەکان لە گۆڕێکی بەکۆمەڵدا لە بیابانەکانی سەماوە دۆزراونەتەوە و زۆربەیان ژن و منداڵن.

 

فەرمانگەی پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و بێسەروشوێنبووان لە عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم ڕووفاتانە ڕادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێن، تاوەکو بەپێی ڕێکار و ڕێسا فەرمییەکان ڕێوڕەسمی گواستنەوەیان بۆ بکرێت و بە خاک بسپێردرێن.

 

بەپێی ئامارە بەردەستەکان، لە ساڵی 2014ەوە تا ئێستا 78 گۆڕی بەکۆمەڵ هەڵدراونەتەوە و پێشبینیش دەکرێت 18 گۆڕی تر هەڵبدرێنەوە. لەو ژمارەیەش 857 ڕووفات دەرهێنراون و ناسنامەی 296یان ئاشکرا کراوە، تا ئێستاش بنەماڵەکانیان لە چاوەڕوانیدان بۆ زانینی چارەنووسی کەسوکاریان و بەخاکسپاردنیان.