بەهۆی شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوەوە، لە پایتەختی تایلەند دۆخی کارەساتی سروشتی لە زیاتر لە 40 ناوچەدا ڕاگەیێنرا.

 

ئەمڕۆ چادچارت سیتپونت، پارێزگاری بانکۆک، هۆشداریی دا کە بەهۆی بارینی نزیکەی 300 ملیمەتر باران لە ڕۆژی پێنجشەممەوە، ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی پایتەختەکە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە و پێشبینیی بارانبارینی زیاتریش دەکرێت، بۆیە پێویستە هاووڵاتییان، بەتایبەت ئەوانەی لە کەناڵە ئاوییەکانەوە نزیکن، ئۆتۆمبێلەکانیان بۆ شوێنی بەرزتر بگوازنەوە.

 

پارێزگاری شارەکە داوای لەو نەخۆشە سەرجێیانە کرد کە پێویستیان بە ئامێری پزیشکی هەیە، بە شێوەیەکی کاتی بچنە نەخۆشخانەکان بۆ پاراستنی سەلامەتییان. هاوکات لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ڕوونی کردەوە کە تیمەکان هەوڵی بەردەوام دەدەن بە پەمپ ئاوەکە دەربکەن، بەڵام سەرجەم جۆگە و کەناڵەکان لێوانلێو بوون و توانای وەرگرتنی زیاتریان نەماوە.

 

شەپۆلی بارانبارین بووەتە هۆی داخرانی ڕێگەوبانەکان و ئاو چووەتە نێو چەندین ماڵ، چێشتخانە و دووکانەوە، بە جۆرێک دانیشتووانی ناوچەکە دەڵێن ئاستی ئاو گەیشتووەتە کەمەریان و ناچار بوون دووکانەکانیان دابخەن. بەشێک لە کاسبکارانیش ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەم ڕەوشە لە کارەساتی ساڵی 2011 سەختترە و ناتوانن لە ماڵەکانیان بێنە دەرەوە.

 

لە ساڵی 2011دا، یەکێک لە گەورەترین و وێرانکەرترین کارەساتە سروشتییەکان وڵاتی تایلەندی گرتەوە، کاتێک لافاوێکی بەرفراوان چەندین ناوچەی وڵاتەکەی خستە ژێر ئاو. ئەم کارەساتە بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 500 کەس و ئاوارەبوونی سەدان هەزار هاووڵاتیی تر، هاوکات زیانێکی گەورەی بە ژێرخانی وڵاتەکە گەیاند و بەهۆیەوە چەندین ملیۆن ماڵ و یەکەی نیشتەجێبوون وێران بوون یان زیانی بەرچاویان بەرکەوت.

 

جگە لە زیانە گیانی و دارایییەکان، لافاوەکە گورزێکی قورسی ئابووریی لە تایلەند وەشاند، بەهۆی ئەوەی بەشێکی زۆری ناوچە پیشەسازییەکان پەکیان کەوت و کاریگەریی نەرێنیی خستە سەر جووڵەی بازرگانی و بەرهەمهێنان لەو ناوچەیەدا.