عێراق لەگەڵ ئەمریکا لە گفتوگۆدایە تاوەکو بەشێک لە فڕۆکەخانەکانی لە سزاکانی سەر گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران بەدەر بکرێن. ئەم هەنگاوە بە مەبەستی دەستپێکردنەوەی گەشتەکانە بۆ هۆکاری مرۆیی، چارەسەری پزیشکی، خوێندن و سەردانی ئایینی.
ئەمڕۆ نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، بەهۆی ئەو ڕێکارانەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لەبارەی گەشتی هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران بۆ فڕۆکەخانەکانی ناوچەکە و عێراق گرتوویەتیەبەر، بەغدا پەیوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ واشنتن دەست پێکردووە.
حکومەتی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە کە بەردەوامی قەیرانەکان دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات و داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات پەنا بۆ دیالۆگ بەرن. بەغدا لە ڕێگەی ئەم گفتوگۆیانەوە دەیەوێت بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی مەدەنی بپارێزێت و ئاڵۆزییە ناوچەیییەکان هێور بکاتەوە.
واشنتن لە چوارچێوەی سزاکانیدا چاودێریی تووند دەخاتە سەر هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا، هاوکات عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی ڕۆژانە زۆرترین گەشتی ئاسمانی و ئاڵوگۆڕی مەدەنی و ئایینی لەگەڵ تاران هەیە.