لە ماوەی ڕابردوودا لە بەریتانیا، لێژنەیەکی سەربەخۆ یانەی مانچستەر سیتی بە ئەنجامدانی چەندین پێشێلکاری لە یاسا دارایییەکانی خولی نایابی ئینگلیزیدا تۆمەتبار کرد.
ئەمڕۆ ماڵپەڕی زە ئەتلەتیک بڵاوی کردەوە، لەلایەن دەستەیەکی سەربەخۆوە مانچستەر سیتی لە کۆی 115 تۆمەت لە 114یاندا بە تاوانبار ناسێنراوە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕەنگە سزاکان لێبڕینی خاڵ، پێبژاردنێکی دارایی گەورە، یاخود دەرکردنی یەکجارەکی لە خولەکە لەخۆ بگرێت، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت بەرپرسانی یانەکە داواکاریی پێداچوونەوە بۆ بڕیارەکە پێشکەش بکەن.
یانەی مانچستەر سیتی لە ڕاگەیێنراوێکدا جەختی کردەوە کە ڕێکارە یاسایییەکان هێشتا بەردەوامن و پابەندیی تەواوی خۆی بە پاراستنی نهێنییەکان دووپات کردەوە.
یانەکە ڕوونیشی کردەوە هەڵوێستی ئەوان وەک بەیاننامەکەی مانگی شوباتی ساڵی 2023 نەگۆڕە و لە ماوەی هەشت ساڵی ڕابردوودا ڕێزیان لە پرۆسەی لێکۆڵینەوەکە گرتووە، بەو پێیەی دەستەی بەڕێوەبەریی خولەکە وەک لایەنێکی بێلایەن و دادپەروەر مامەڵە دەکات.
تۆمەتەکان لە ساڵی 2023دا دوای چوار ساڵ لێکۆڵینەوە ڕاگەیێنران، کە پێوەندییان بە پێشکەشنەکردنی زانیاریی داراییی دروست لەنێوان وەرزەکانی 2009-2010 بۆ 2017-2018 و سەرپێچیکردنی یاساکانی یاریی خاوێنی داراییی ئەورووپا (FFP) هەبوو.
لە بەرامبەردا ڕۆدری، یاریزانی یانەکە باسی لەوە کرد کە دەستکەوتەکانی تیپەکەی بە ماندووبوون و هاوکاری بەدەست هاتوون نەک بە پارە، هەر بۆیە هیچ سزایەک ناتوانێت لە بەهای سەرکەوتنەکانی مانچستەر سیتی کەم بکاتەوە.
مانچستەر سیتی لە ساڵی 2020دا لەلایەن یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپاوە بۆ ماوەی دوو وەرز لە بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییە ئەورووپییەکاندا سڕ کرا، بەڵام دادگای ناوبژیوانیی وەرزشی (CAS) سزاکەی هەڵوەشاندەوە و سزایەکی دارایی 34 ملیۆن دۆلاریشی بۆ تەنیا 11.3 ملیۆن دۆلار کەم کردەوە.