کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێگەی دەوڵەتی قەتەرەوە پلانێکی 7 ڕۆژەی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز و کەمکردنەوەی گرژییەکان پێشکەشی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد.

 

ڕۆژی هەینی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە لە ڕێگەی وڵاتی قەتەرەوە پلانێکی 7 ڕۆژەی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کردووە. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئەگەری ڕازیبوونی ئەمریکا بەم پێشنیارە، گەرووەکە لە ماوەی 7 ڕۆژدا دەکرێتەوە و بە شێوەیەکی ئاسایی هاتوچۆی تێدا دەکرێت.

 

ئەمڕۆ ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ) لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکییەوە ئاشکرای کرد، ترەمپ دەستبەجێ پێشنیارەکەی تارانی ڕەت کردووەتەوە و دوای تەواوبوونی پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، ئەگەری زۆرە هێرشی نوێی سەربازی بۆ سەر ئێران دەست پێ بکاتەوە.

 

هاوکات، سەرۆکی ئەمریکا دوای ڕەتکردنەوەی پێشنیارەکەی ئێران، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ وێنەیەکی بڵاو کردووەتەوە کە تێیدا لەسەر نەخشە، ناوی گەرووی هورمزی بۆ 'گەرووی ترەمپ' گۆڕیوە.

 

پێشنیارەکەی تاران، ڕاگرتنی تەواوی پێکدادانە سەربازییەکان لە ماوەی 7 ڕۆژدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لوبنان و یەمەن لەخۆ دەگرێت. هاوکات ئێران داوای ئازادکردنی نزیکەی 12 ملیار دۆلار لە دارایییە سڕکراوەکانی، هەڵگرتنی گەمارۆی سەر نەوت و کۆتاییهێنان بە گەمارۆی سەر بەندەرەکانی دەکات، لە بەرامبەر دەستپێکردنەوەی ئاساییی هاتوچۆی کەشتیوانی لە ڕۆژی حەوتەمدا.

 

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی سی بی ئێس ڕایگەیاند، پرۆسەی ئاگربەست لە ڕۆژی پەسەندکردنییەوە لەلایەن واشنتنەوە دەست پێ دەکات و دەکرێت لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتنی پێشوو، هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی.

 

واشنتن و تاران پێشتر لە مانگی حوزەیراندا لێکتێگەیشتنێکیان بۆ چارەسەری ئاڵۆزییەکان واژۆ کردبوو، بەڵام بەهۆی دەستدرێژیی ئێران بۆ سەر کەشتییە بێمۆڵەتەکان و هێرشە بەرپەرچدانەوەکانی ئەمریکا، ڕێککەوتنەکە هەڵوەشایەوە.