لە چوارچێيوەی سەپاندنی سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا بەسەر کۆمپانیا خزمەتگوزارییەکانی فرۆکەوانی، چوار فرۆکەخانەی دیکە گەشتەکانیان لەگەڵ ئێران داخست.
ئەمڕۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە ئاشكرای کرد، هەر یەک لە فرۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی هەولێر، سلێمانی، بەغدا و نەجەف گەشتەکانیان بۆ ئێران و بەپێچەوانەشەوە وەستاند.
بەگوێرەی زانیاری ئاژانسەکە، دوو سەرچاوەی دیکە پێشووتر ڕایانگەیاندبوو کە عێراق بەرپرسانی فرۆکەوانییان ئاگادار کردبوویەوە تا گەشتەکانیان لەگەڵ ئێران لە ڕۆژی چوارشەممە 23-9-2026ـەوە بووەستێنن.
جگە لەم وڵاتانە، لە هەفتەی ڕابردووەوە گەشتە ئاسمانییەکانی هەر یەک لە وڵاتانی ئازەربایجان، عێراق و ئیماڕات بۆ ئێران وەستێندران، تورکیاش وەستاندنی تەواوی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ ئێران تا مانگی 3ـی 2027 ڕاگەیاندووە.
پێشووتر سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی 'سی ئێن بی سی'، هۆشداری دا لەوەی لە 23-9-2026ـەوە سەرجەم هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران بۆ هاتووچۆی نێودەوڵەتی دادەخرێن.
جگە لە هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران، هۆشدارییەکەی وەزیری گەنجینەی ئەمریکا فرۆکەخانە بیانییەکان، دابینکەرانی سووتەمەنی، کۆمپانیاکانی تیکتی گەشت و ئەو کۆمپانیایانەی کە پاڵپشتیی فرۆکە دەکەن دەگرێتەوە، سکۆت بێسێنت گووتی: " ئەگەر هەر کۆمپانیایەک خزمەتگوزاری نیشتنەوەی فرۆکە، سوتەمەنی و فرۆشتنی تیکت بۆ هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران دابین بکات، لە سیستەمی دۆلاری ئەمریکی دەهێندرێتە دەرەوە."