نەوت و کانزاکانی هەولێر دەستپێکردنی دابەشکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراوی 750 دیناریی بە کارتی ئەلیکترۆنی بۆ شۆفێرانی ته‌كسی لە سەرجەم بەنزینخانەکان ڕاگەیاند.

 

ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر لە ئاگادارییەکی فەرمیدا بڵاوی کردەوە، ئەو شۆفێرانەی لە ئەپڵیکەیشنی 'ته‌کسی هەولێر' ناوی خۆیان تۆمار کردووە، لە ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی 2026/9/26 دەتوانن سوودمەند بن لە وەرگرتنی بەنزینی 750 دیناری.

 

بەپێی ڕێنمایییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە، شۆفێران هەر 5 ڕۆژ جارێک کارتی سووتەمەنییەکەیان بۆ چالاک دەکرێت؛ بە شێوەیەک لە مانگی ئەیلولدا لە ڕێکەوتەکانی 2026/9/26 و 2026/9/30 دەتوانن بەنزین وەربگرن و بۆ مانگی 10ش لە ڕێکەوتەکانی (5، 10، 15، 20، 25)ی مانگ کارتەکان کارا دەکرێنەوە.

 

ئەم پڕۆسەیە لە سەرجەم بەنزینخانەکانی شاری هەولێر بە سیستەمی کارتی ئەلیکترۆنی سووتەمەنی جێبەجێ دەکرێت، بە مەبەستی کەمکردنەوەی لۆد و دابینکردنی سووتەمەنیی هەرزان بۆ شۆفێرانی تاکسی.

 

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان، سیستەمی دابەشکردنی سووتەمەنیی لە ڕێگەی کارتی زیرەکەوە خستووەتە گەڕ تاوەکووبە شێوازێکی دادپەروەرانە و ڕێکخراو سووتەمەنی بگاتە دەست شۆفێرانی هێڵەکانی گواستنەوەی گشتی.