دوای دوو ساڵ لە تاقیکردنەوەی ئەزموونی، بڕیاردراوە ئەمساڵ سیستمی 'جی پی ئێس' بۆ پاسی قوتابخانە حکومییەکانی سلێمانی دەچێتە باری جێبەجێکردنەوە.
ئەمڕۆ جەمیل کەمال، بەڕێوەبەری گواستنەوەی سلێمانی بە پایتەخت میدیای راگەیاند، ساڵی ڕابردوو چەند جارێک وەکو تاقیکردنەوە سیستمی 'جی پی ئێس' لە نێو پاسەکاندا دانرا، بەڵام پرۆسەکە سەرکەوتوو نەبوو بەهۆی ئەوەی شۆفێرەکان دەستکارییان دەکرد، لە ئێستادا پێشنیار کراوە لە ڕێگەی سیستمی ئەلیکترۆنی و ئەپڵیکەیشنێکی تایبەتەوە کۆنترۆڵی جوڵەی شۆفێر و قوتابییان بكرێت.
لە سنووری پارێزگای سلێمانی 1200 پاس هاتووچۆ بە قوتابییانی خوێندنگە حکومییەکان دەکەن.
جەمیل کەمال ئاماژەی بەوە کرد، ئەم ئەپڵیکەیشنە بۆ دایک و باوکان دادەبەزێندرێت و بە ئیمێڵ و پاسوۆردی تایبەت بە خۆیان کار دەکات، لە کاتی سەرکەوتنی قوتابی بۆ نێو پاسەکە تاوەکو گەیشتنی بە خوێندنگە، دایک و باوکان ئاگاداری سەرجەم جوڵەکان، خێرایی پاسەکە و تەنانەت گۆڕینی شۆفێریش دەبن.
بەپێی گوتەی بەڕێوەبەری گواستنەوەی سلێمانی، لە سیستمەکەدا ناوی شۆفێر، ژمارەی مۆبایل و زانیاریی مۆڵەتی شۆفێرییەکەی دەردەکەوێت.
جەمیل کەمال باسی لەوە کرد، بەکارهێنانی ئەم سیستمە لە بەرامبەر بڕێک پارەدا دەبێت کە دایک و باوکان دەیدەنە کۆمپانیاکان، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕەکەی بە فەرمی دیاری نەکراوە.
بەڕێوەبەری گواستنەوەی سلێمانی دووپاتی دەکاتەوە، جێبەجێکردنی بڕیارەکە لەمساڵدا دەست پێدەکات و لە قۆناغی یەکەمدا بۆ ناو سەنتەری شاری سلێمانی دەبێت، دوای هەڵسەنگاندنی ئەنجامەکانیش، پرۆسەکە پاسەکانی دەرەوەی شار دەگرێتەوە.