ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پێناو ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ هاووڵاتییان، بڕیاریدا بە درێژکردنەوەی وادەی داشکاندن بەڕێژەی %50 قەرزی کۆنی کارەبا پێش پڕۆژەی ڕووناکی.
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.
لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاردرا، داشکاندنی کارەبا لە 24ـی 9ـی تاوەکو 18ی 10ـی 2026 بەردەوام دەبێت.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی کارەبا، لە کۆی 2 ملیۆن هاوبەشی کارەبا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان، نزیکەی 800,000 هاوبەش هێشتا قەرزی کۆنی پێش پرۆژەی ڕووناکییان لەسەر ماوە.
وەزارەتی کارەبا جەختی لەوە کردووەتەوە، ئەگەر هاوبەشان لەم ماوەیەی کە بۆیان دیاری کراوە قەرزەکانیان نەدەنەوە، لە دوای 18ی 10ـی 2026ەوە قەرزەکە بەبێ هیچ داشکاندنێک بە شێوەیەکی خۆکارانە دەکرێتە قیستی مانگانە.
لە کۆتاییدا وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوە دا، قیستەکان دەخرێنە سەر پسوولەی مانگانەی کارەبای ڕووناکی و لە مەودای 6 تاوەکو 24 مانگدا کۆ دەکرێنەوە، هەروەها ڕێکاری ماوەی پارەدان لە 50 ڕۆژدا بەسەریاندا جێبەجێ دەکرێت.