دوای ڕێککەوتنەکەی ڕۆژئاڤای کوردستان و سووریا، ئەحمەد شەرع داننان بە زمانی کوردی لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن وەک ئەرکێکی حکومەتەکەی و مافێکی ڕەوای 100 ساڵەی گەلی کورد دەناسێنێت.
ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا لە پەراوێزی دانیشتنێکی تایبەتی ڕێکخراوی ئەتلەنتیک کاونسڵ لە شاری نیویۆرک ڕایگەیاند، پەیوەندیی زۆر باشیان لەگەڵ سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە.
سەرۆککۆماری سووریا هەماهەنگی و هاوکارییەکانی هەرێمی کوردستانی بۆ سەقامگیریی دۆخی سووریا و پرۆسەی تێکەڵکردنەوەی هەسەدە بە بەرز نرخاند.
دەربارەی دۆخی کورد لە سووریا، سەرۆککۆماری سووریا جەختی کردەوە، مەرسوومی ژمارە 13ـی تایبەت بە داننان بە مافی کورد، بە فەرمی دەبێتە بەشێک لە دەستووری نوێی وڵاتەکە.
ناوبراو کورد بە بەشێکی ڕەسەنی کۆمەڵگەی سووریا دادەنێت و داننان بە مافە کولتووری و زمانییەکانیان بە ئەرکێکی سەرشانی حکومەتەکەی و مافێکی ڕەوای گەلی کورد دوای 100 ساڵ دەناسێنێت.
ئەحمەد شەرع ئاماژەی بەوەدا، کە لەگەڵ سەرکردایەتی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕێککەوتنیان لەسەر ئەوە کردووە کە لە سەرجەم ئەو ناوچانەی زۆرینەی دانیشتووانەکەی کوردن، خوێندن بە زمانی کوردی بێت.