کۆمپانیای تەڵەبات بۆ گەیاندن، کە کۆمپانیایەکی بیانییە و لە کوردستان کار دەکات، سەرەڕای سووکایەتی کردن بە کارمەندانی، ئێستا هەڕەشە لە کارمەندانی دەکات.

لە چەند رۆژی ڕابردوودا، کۆمەڵێک ناڕەزایی زۆر لە لایەن کارمەندانی تەڵەبات گەیاندراوەتە پایتەخت میدیا و ئەو کارمەندانە، باس لەوە دەکەن بەرپرسانی کۆمپانیای تەڵەبات بۆ گەیاندن، رۆژانە سووکایەتی بە کارمەندانی گەیاندن دەکەن و جیاوازی لە نێوانیان دەکرێت.

لە دوو رۆژی ڕابردوو، چەند کارمەندێکی کۆمپانیای تەڵەبات قسەیان بۆ پایتەخت میدیا کرد و گوتییان: "بەرپرسانی کۆمپانیای تەڵەبات بێرێزیان پێ دەکەن، مافەکانیان پێ نادەن و دوای دەرکردنیان لە کاریش، بە تووڕەیی بەڕێیان دەکەن و هانیان دەدەن ئۆتۆمبێڵ و ماتۆڕسکیلەکەیان بستوونێت."

ئەو کارمەندانەی کۆمپانیای تەڵەبات بە پایتەخت میدیایان گوت: "رێژەیەکی زۆری کارمەندانی ئەو کۆمپانیایە ناڕازین، بەڵام هەڕەشەیان لێکراوە و لە ترسی کاردانەوە دیکە، ناتوانن بێنە بەردەم کامێرا."

ئەو کارماندانە باس لەوە دەکەن، ئەو کۆمپانیایە ماف و شایستەی کارمەندان لە دوای گواستنەوەی داواکاری خەڵک بە تەواویی نادات و لە کاتی هەبوونی هەر کێشەیەکی تەکنیکی لە ئۆتۆمبێڵ یان ماتۆڕسکیلەکەیان، لە جیاتی هاوکاری سزایان دەدات.




بەشێکی دیکەی ئەو کارمەندانە ئاماژە بەوە دەکەن، کۆمپانیای تەڵەبات کە کۆمپانیایەکی بیانییە و لە کوردستان کار دەکات، هیچ رێزێک بۆ کارمەندی کورد دانانێت و پێشینە دەداتە کارمەندی عەرەب.

پایتەخت میدیا، لە چەند رۆژی ڕابردوودا چەندین جار هەوڵیدا قسە لەگەڵ بەرپرسانی کۆمپانیای تەڵەبات بکات، بەڵام ئەوان وەڵامی پەیوەندییەکانیان نەدایەوە.