کارەکانی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک دەستی پێ کرد و سەرکردەکانی جیهان تیشکیان خستە سەر ئاڵۆزییە ئەمنییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا، لەگەڵ مەترسی و دەرفەتەکانی زیرەکیی دەستکرد.

 
ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندنی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاوی کردەوە، دۆسیەی جەنگ و پرسی زیرەکیی دەستکرد تەواوی دانیشتنەکانی کۆڕی گشتیی داگیر کردووە و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارەکەیدا وێڕای خستنەڕووی دۆسیەی ئێران و نزیکبوونەوە لە کۆتاییهێنانی جەنگی ئۆکرانیا، بە توندی هێرشی کردە سەر دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و ڕەتی کردەوە زیرەکیی دەستکرد سنووردار بکرێت.

 
ترەمپ ناوی ژیریی سەروو سروشتی (Superintelligence)ـی بۆ پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان بەکار هێنا، لە بەرامبەردا ئانتۆنیۆ گوتێرێس، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوەکە و لوولا دا سیلڤا، سەرۆکی بەرازیل، هۆشدارییان لە پەراوێزکەوتنی ئاشتی دا و ڕەخنەی توندیان لە بێ دەسەڵاتیی ئەنجوومەنی ئاسایش گرت بەرامبەر جەنگەکان و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تەکنەلۆژیا.

 
لە لایەکی دیکەوە، سەرکردەکانی ناوچەکە و جیهان تیشکیان خستە سەر هاوسەنگییە هەرێمییەکان، مەلیک عەبدوڵڵای دووەم، پاشای ئوردن و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا داوای چارەسەری دیپلۆماسی و پاراستنی سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان کرد لە تەشەنەسەندنی ئاڵۆزییەکان.

 
سەرکردەکانی وەک لی جێ-میونگ لە کۆریای باشوور، پرابۆوۆ سوبیانتۆ، سەرۆکی ئەندەنوسیا و ئاندی بێرنهام، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا جەختیان لەسەر گرنگیی پەرەپێدانی ئاسایشی خۆراک، ڕۆڵی گەرووی هورمز لە بازرگانیی نێودەوڵەتی، بەدەستهێنانی پێگەی باڵا لە تەکنەلۆژیای سەردەمدا کردەوە.

 
کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ساڵانە لە مانگی ئەیلوول لە شاری نیویۆرک بەڕێوە دەچێت و وەک گەورەترین کۆبوونەوەی دیپلۆماسیی جیهان دادەنرێت بۆ تاوتوێکردنی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان لە نێوان سەرکردەی وڵاتاندا.