بە بڕیاری بانکی ناوەندی عێراق، وەرگرتنی دۆلار بە نرخی فەرمی لە مانگانەوە دەبێتە ساڵی دوو جار و هەوڵەکانی فڕۆکەخانەی هەولێریش بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی فرۆشتنی دۆلار بەردەوامە.
لە دوای ئاڵۆزی و شەڕی نێوان ئێران و ئەمریکاوە، پێدانی دۆلار بە نرخی فەرمی بە گەشتیاران لە فڕۆکەخانەی هەرێمی کوردستان ڕاگیراوە.
ئەمڕۆ ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، نووسراوێکی فەرمییان ئاراستەی بانکی ناوەندیی عێراق کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی پێدانی دۆلار بە گەشتیاران و لە ئێستادا چاوەڕوانی وەڵامی داواکارییەکەن.
بانکی ناوەندیی عێراق لە 8ـی تەممووزی 2026 بڕیاریدا، پشکی نەختیی گەشتیاران لە 3000 دۆلارەوە بۆ 2000 دۆلار کەم بکاتەوە.
ئەحمەد هۆشیار جەختی لەوە کردەوە، دەستپێکردنەوەی پێدانی دۆلار بە گەشتیاران بە مەرج دەبێت و تەنیا دوای مۆرکردنی پاسپۆرت ئەنجام دەدرێت، هەروەها لەسەر بنەمای بڕیارە نوێیەکان، گەشتیار لە ساڵێکدا تەنیا دوو جار دەتوانێت سوود لە وەرگرتنی دۆلاری فەرمی وەربگرێت، لە کاتێکدا پێشتر مانگی جارێک ئەم مافەی هەبوو.
بانکی ناوەندی عێراق 100 دۆلار ئەمریکی بە 132 هەزار دیناری عێراقی بە گەشتیارانی لەڕێگەی بانک و کۆمپانیاکان دەفرۆشێتەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، بەشێک لە گەشتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ سوودوەرگرتن لە دۆلاری فەرمی، فڕۆکەخانەی کەرکووک بۆ گەشتەکانیان هەڵبژێرن.