شەپۆلێکی کاتیی گەرما ڕوو لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و بەپێی پێشبینییەکانی دەستەی کەشناسی و شارەزایانی بواری کەشوهەوا، پلەکانی گەرما لە ئهمڕۆ سێشەممە و سبهی چوارشەممە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبنەوە. شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن کە لەگەڵ گۆڕانی ئاراستەی با و بەرزبوونەوەی ڕێژەی شێ، هەستکردن بە گەرما زیاتر دەبێت بەڵام ئەم دۆخە کاتییە و لە کۆتاییی هەفتەوە کەشوهەوا بەرەو ساردبوونەوە دەچێت.
ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، ئاسمانی ناوچەكه ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت و تۆز و خۆڵێکی سووک بەرز دەبێتەوە. بەپێی ڕاپۆرتی کەشناسی، پلەکانی گەرما بەراورد بە تۆمارەکانی دوێنێ بە بڕی 1 بۆ 3 پلەی سیلیزی بەرز دەبنەوە و خێراییی با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبێت بە بڕی 5 بۆ 15 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بە ئاراستەی باشووری خۆرهەڵات.
لە بارەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، هەڤاڵ سهدیق گەڵۆزی، شارەزای کەشناسی هۆکاری ئەم بەرزبوونەوەیەی بۆ هاتنی بارستەهەوایەک لە دەرەوەی ناوچەکە گەڕاندەوە. هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی گوتی: "لە ئهمڕۆ سێشهممهوه کاریگەری ئەو بارستە هەوا جەمسەرییەی ماوەی چەند ڕۆژێکە ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردووە بەرەو لاوازبوون دەچێت لە ناوچەکەمان پاشەکشە دەکات، بارستە هەوایەکی نیمچە گەرم کە لە باکووری ئەفریقاوە بە ئاراستەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان عێراق هەڵدەکات و دێت پلەکانی گەرما لە تەواوی ناوچە جیاوازەکانی هەرێم (2 - 3°) پلە سیلیزی بەرز دەبێتەوە."
ههروهها ئهوهی خستهڕوو، لە ڕۆژی پێنجشەممەوە دووبارە پلەکانی گەرما دادەبەزێت لە کاتەکانی پێش نیوەڕۆ بۆ کاتی عەسر تیشکی سەرووی وەنەوشەیی ڕێژەکەی لەنێوان مامناوەند بۆ بەرز دەبێت لەگەڵ بوونی شێی ڕێژەیی لە هەوادا هەست بە گەرما دەکرێت ئەم بەرزبوونەوەیە کاتییە (48) کاتژمێر دەخایەنێت.
ئاشكراشی كردووه، كه لە کۆتاییی مانگی 9 بۆ سەرەتای مانگی 10 هەورەبروسکە و بارانبارینێکی سەرتاسەری جێگای دەگرێتەوە لەگەڵ هاتنی بارستەهەوایەکی تری ساردی جەمسەری کەشێکی تەواو پایزی و نیمچە سارد دروست دەبێت بەتایبەت لە شەواندا.
لە بەرامبەردا، ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ڕوانگەیەکی تا ڕادەیەک جیاوازی لە بارەی سەرچاوەی بارستەهەواکە و ئاستی بەرزبوونەوەی گەرما خستە ڕوو.
ئاراس جەبار لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاندووه، سەرەتا لە ئهمڕۆ سێشهممهوه بارستە هەوایەکی گەرم لە ناوچەکانی باشووری عێراقەوە هەڵدەکشێت بۆ سەرەوە لە ئەنجامدا لە ماوەی ئەم دوو ڕۆژەی داهاتوودا بەتایبەت یەکەم ڕۆژی وەرزی پایزی ئەمساڵ کە سبەی چوارشەمەیە 23ـی 9ـی 2026، لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە پلەکانی گەرما 3 تا 5 پلە بەراورد بە ڕۆژانی ڕابردوو بەرز دەبێتەوە بەهۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی شێ هەست بە گەرمایەکی بێزارکەر دەکرێت، لە 24ی مانگەوە بۆ ڕۆژانی دواتر تا کۆتاییی مانگ کاریگەری ئەو گەرمایە کەم دەبێتەوە و پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی ئاسایی دەست بە نزمبوونەوە دەکاتەوە.
ئاراس جەبار لە درێژەی وتەکانیدا ئاماژەی بە کاتی دەستپێکردنی بارانبارین کرد و گوتی: "دوابەدوای ئەو گۆڕانکارییانەش لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە لەنێوان 2ـی 10 بۆ 5ـی 10 یەکەم شەپۆلی بارانبارینی ئەمساڵ هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکە دەگرێتەوە لەگەڵ نزیکبوونەوەی زیاتر زانیاریی تەواومان لەبارەیەوە دەبێت."
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسیی هەرێم، لە شاری هەولێر، هەڵەبجە و چەمچەماڵ بەرزترین پلەی گەرما دەگاتە 37 پلەی سیلیزی و لە سلێمانی، سۆران و ئاکرێ دەگاتە 35 پلە، هاوکات لە دهۆک و زاخۆ 36 پلە و لە پیرمام 33 پلە دەبێت، لە کاتێکدا لە ئیدارەی گەرمیان بەرزترین پلە دەگاتە 40 پلەی سیلیزی و حاجی ئۆمەران بە 28 پلە فێنکترین ناوچە دەبێت.
شارەزایان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە ئەم بەرزبوونەوەیە تەنیا 48 کاتژمێر دەخایەنێت و لە کۆتاییی ئەم مانگە و سەرەتای مانگی داهاتوودا بارانبارین دەست پێدەکات و کەشوهەوای ناوچەکە بە تەواوی ڕوو لە كهشی پایزه دەکات.