لە چوارچێوەی سەپاندنی سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا بەسەر ئێران، لە سبەییەوە گەشتی ئاسمانی نێودەوڵەتی بۆ ئێران قەدەغە دەکرێت و کۆمپانیاکانی پەیوەندیداریش سزا دەدرێن.
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی 'سی ئێن بی سی'، هۆشداری دا لەوەی لە سبەی 23-9-2026ـەوە سەرجەم هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران بۆ هاتووچۆی گەشتی نێودەوڵەتی دادەخرێن.
جگە لە هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران، هۆشدارییەکەی وەزیری گەنجینەی ئەمریکا فرۆکەخانە بیانییەکان، دابینکەرانی سووتەمەنی، کۆمپانیاکانی تیکتی گەشت و ئەو کۆمپانیایانەی کە پاڵپشتیی فرۆکە دەکەن دەگرێتەوە. سکۆت بێسێنت گووتی: " ئەگەر هەر کۆمپانیایەک خزمەتگوزاری نیشتنەوەی فرۆکە، سوتەمەنی و فرۆشتنی تیکت بۆ هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران دابین بکات، لە سیستەمی دۆلاری ئەمریکی دەهێندرێتە دەرەوە."
ئەم ڕێکارە نوێیانەی ئەمریکا لە دژی ئێران درێژەپێدەری سیاسەتی نوێی ئیدارەکەی حکومەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە لەم دوایانەدا، کە دەیەوێت ئێران لە بازرگانی نێودەوڵەتی بهێنێتەوە دەرەوە تا لە ڕووی ئابوورییەوە بەتەواوی بیخنکێنێت.
مانگی ڕابردوو وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بۆیەکەمجار سزای بەسەر بەشێک لە هێڵی ئاسمانی ئێرانی دا سەپاند، لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی لە دەرەوەی ئێران پشتیوانی بەشی فرۆکەوانی ئێران دەکەن.
لەلایەکی دیکەوە، جگە لە ئەمریکا، ورد وردە سزا ئابوورییەکان لەلایەن وڵاتانی دراوسێی ئێرانەوە جێبەجێ دەکرێن. سێ ڕۆژ لەمەوبەر دەستەی رێکخستن و چاودێریی بانکیی تورکیا مۆڵەتی کارپێکردنی بانکی 'میللەت'ـی ئێرانی لە وڵاتەکە هەڵوەشاندەوە، بەمەش کۆتایی بە چالاکی 44 ساڵەی بانکەکە لە تورکیا هێنا.
ئەمڕۆش بەگوێرەی ڕۆژنامەی تورکیا تودەی، وڵاتەکە هەر لە چوارچێوەی سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا، سەرجەم گەشتەکانی بۆ ئێران تا مانگی سێی 2027 ڕاگرت.