بەرپرسێکی باڵای پێشووی کۆشکی سپی پێشوازی لە ڕاگەیاندنی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەکات و پێی وایه کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی قەرزداری قارەمانێتیی ئەم هێزەیە و به ههنگاوێكی گرنگ وهسفی دهكات.
ئەمڕۆ برێت مەکگۆرک، هەماهەنگیکاری پێشووی کۆشکی سپی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردەوە، پیرۆزبایی لە سەرجەم ئەو لایەنانە دەکهم کە لەم پرۆسەیەدا ڕۆڵیان هەبووە.
مەکگۆرک لە پەیامەکەیدا گوتی: "ئەمە هەواڵێکی زۆر باشە و ماوەیەکی زۆر بوو چاوەڕوانی ئەم هەنگاوە دەکرا، پیرۆزبایی لە هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە بەشدار بوون لەم پرۆسەیەدا، جیهان قەرزداری پێشمەرگەیە."
دوێنێ دووشەممە 2026/09/21 لە ڕێوڕەسمێکی فەرمیدا لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بە شێوەیەکی فەرمی ڕاگەیەنرا. لەم چوارچێوەیەدا و بەپێی نەخشەڕێگەیەکی ئەکادیمی، هێزەکان لە 11 فیرقەی سەربازی، دوو هێزی پشتیوانی، یەکەی کۆماندۆ و دوو دەڤەری سەربازیدا ڕێکخرانەوە.
هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە ساڵی 2014ـەوە لە شەڕی دژ بە ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشدا ڕۆڵێکی سەرەکییان لە پاراستنی ناوچەکە و تێکشکاندنی تیرۆردا گێڕا، لە کاتێکدا برێت مەکگۆرک وەک نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە نزیکەوە شاهیدی قارەمانێتیی ئەم هێزانە بوو.