ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کارنامەی کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە 175ـی خۆی بۆ تاوتوێکردنی دۆسیە چارەنووسسازەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و هەنگاوە یاساییە هاوبەشەکان خستە ڕوو.
سبەی ڕۆژی چوارشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2026، لە کاتژمێر 10ـی بەیانی تا 12ـی نیوەڕۆ لە هۆڵی مامۆستا سەعد، بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بەڕێوە دەچێت.
بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەکە، بڕگەی یەکەم تایبەتە بە خستنەڕووی ڕاپۆرتی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگە، سەبارەت بە پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکان لەژێر چەتری وەزارەت و داڕشتنی پلانەکانی قۆناغی داهاتوو.
هاوکات، تاوتوێی چارەسەرکردنی شایستە داراییەکانی پێشمەرگە و جێگیرکردنی پێداویستییەکانیان لە چوارچێوەی خەرجییە سیادییەکانی عێراق دەکرێت، بەو پێیەی هێزەکانی پێشمەرگە بەشێکی سەرەکین لە سیستەمی بەرگریی فیدراڵیی عێراق.
لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، پێشنیازی بەرکارکردنی یاسای فیدراڵیی کۆمپانیا گشتییەکان ژمارە 22ـی ساڵی 1997ـی هەموارکراو لە هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکرێت، ئەم هەنگاوە لەسەر پێشنیازی تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی و لە چوارچێوەی یەکخستنی یاسا بازرگانی و ئابوورییەکانی نێوان هەردوو حکوومەتدا هاتووە.
دوای ئەوەی پێشتر یاسای کۆمپانیاکان ژمارە 21ـی ساڵی 1997ـی هەموارکراو جێبەجێ کرا، ڕاپۆرتی ئەم بڕگەیە لەلایەن کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، و ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوان و سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەخرێتە بەردەم ئەندامانی ئەنجوومەنەکە.
هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنە دەستوورییەکاندا هەوڵ دەدات مافە داراییەکانی پێشمەرگە هاوتای هێزە چەکدارەکانی عێراق لە بودجەی فیدراڵیدا بچەسپێنێت، هاوکات یەکخستنی یاسا ئابوورییەکان وەک فاکتەرێکی سەرەکی بۆ ڕێکخستنەوەی بازاڕ و چارەسەرکردنی گرفتە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەبینرێت.