هێزە ئەمنییەکانی پێنجوێن بە زەبری هێز بڵاوەیان بە خۆپیشاندانە سێ ڕۆژییەکەی قەزاکە هێنا و بەشێکی زۆری خۆپیشاندەرانیان دەستگیر کرد.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە بە دیاریکراوی کاتژمێر 4:30، بەپێی زانیارییەکانی نوێنەرانی خۆپیشاندەرانی قەزای پێنجوێن، هێزێکی زۆری ئەمنی هەڵیانکووتایە سەر خێمەکانی خۆپیشاندەران و زیاتر لە 50 خۆپیشاندەریان دەستگیر کرد و خێمەکانیان سووتاندن.



ئەمە لە کاتێکدایە، ماوەی سێ ڕۆژە خەڵکی پێنجوێن بە یەکگرتوویی خۆپیشاندیان دەستپێکردووە و خێمەیان هەڵدابوو، ژمارەیەک داواکارییان هەبوو، هاوکات رێگای مەرزی باشماخ و سەیرانبەنیان بەڕووی بارهەڵگرەکاندا داخست بوو.

بە گوتەی هەندێک لە خۆپیشاندەرەکان، خۆپیشاندانەکەیان بەشێوەیەکی زۆر هێمنانە بەڕێوەچووە و شەوان بەیەکەوە خوردنیان لە نێو خێمەکان ئامادە دەکرد، تەنانەت بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش، شایی و هەڵپەڕکێشیان دەکرد.