گەنجێکی کۆچبەری کوردی خەڵکی دەڤەری ڕانیە، لە کاتی مانەوەی لە دارستانەکانی شاری دانکێرکی فەرەنسا بە مەبەستی پەڕینەوە بەرەو بەریتانیا، گیانی لەدەست دا.
ئەمڕۆ بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان بە پایتەخت میدیای ڕایگەیاند، گەنجێکی کۆچبەری کوردی خەڵکی دەڤەری ڕانیە، بەناوی شڤان ئیسماعیلی تەمەنی 20 ساڵ، لە دارستانەکانی شاری دانکێرکی فەرەنسا بە مەبەستی پەڕینەوە بەرەو بەریتانیا دوای تێکچوونی باری تەندروستیی لە نەخۆشخانە گیانی سپاردووە.
بەپێی زانیارییەکانی بەکر عەلی، ئەو گەنجە کۆچبەرە لەدایکبووی ساڵی 2006 بووە و دانیشتووی شاری ڕانیەیە، ناوبراو ماوەی چەند ڕۆژێک بەهۆی نالەباریی کەشوهەوا و سەختیی ژیان لە دارستانەکاندا دووچاری نەخۆشی بووە و سەرەنجام شەوی ڕابردوو لە نەخۆشخانەی شاری لیل لە فەرەنسا گیانی لەدەست داوە.
لە ئێستادا تەرمی ئەو گەنجە لە نەخۆشخانەیەکی شاری لیل ڕاگیراوە و ڕێکارە کارگێڕییەکان دەستیان پێ کردووە، نوێنەرایەتیی کۆچبەران لە هەوڵی بەردەوامدان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەڵام تاوەکو ئەم ساتە کاتی گەڕاندنەوەی تەرمەکەی بۆ هەرێمی کوردستان و گەیاندنی بە کەسوکارەکەی دیاری نەکراوە.
دارستان و کەمپە نافەرمییەکانی دانکێرک و کالی لە باکووری فەرەنسا وێستگەیەکی سەرەکی و پڕ لە مەترسیی کۆچبەرانن بەر لە پەڕینەوە بەرەو کەناراوەکانی بەریتانیا. دۆخی نالەباری ژیان، سەرما و نەبوونی خزمەتگوزاریی تەندروستی لەم ناوچانە، ساڵانە ژیانی دەیان کۆچبەری وەک شڤان دەخاتە مەترسییەوە.