وەزارەتی دارایی عێراق بە فەرمی بڕیاری دامەزراندنی هەمیشەیی سەرجەم فەرمانبەرانی گرێبەست و کرێکارانی ڕۆژانەی لە ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2027 جێگیر کرد.
ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند، فالح ساری، وەزیری دارایی لە میانی کۆبوونەوەی لێژنەی باڵای ئامادەکردنی بودجەدا ڕایگەیاندووە، دەقی فەرمیی دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەست لەسەر میلاکی هەمیشەیی خراوەتە ناو پڕۆژە یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی ساڵی 2027.
بە پێی زانیارییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، وەزیری دارایی ڕوونیکردووەتەوە، فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی وەزارەت بەردەوام کاریان لەسەر کۆکردنەوەی داتا و ژمارەی کارمەندان کردووە تاوەکو تەرخانکراوی داراییی پێویستیان بۆ دابین بکرێت.
وەزیری دارایی ئەماژەی بەوەشکرد، وەزارەت بە بەرپرسیارییەتییەکی بەرزەوە لەگەڵ دۆسیەی گرێبەستەکان کرێکارانی ڕۆژانە مامەڵەی کردووە، تەواوی پێداویستییە دارایی و تەکنیکییەکانی چارەسەر کردووە، ناوبراو جەختی کردەوە بە هەژمارکردنی وردی تێچووی دارایی و دابینکردنی شایستەکان، توانراوە ئەم بابەتە لە داواکارییەکی پیشەیییەوە بگۆڕدرێت بۆ بڕگەیەکی یاساییی جێگیر لەناو پڕۆژەی بودجەی گشتیی وڵاتدا.
دۆسیەی فەرمانبەرانی گرێبەست و کرێکاری ڕۆژانە لە عێراق، لە ساڵانی ڕابردوودا یەکێک بوو لە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی کەرتی گشتی کە بەردەوام ناڕەزایەتیی لێ دەکەوتەوە، بە جێگیرکردنی لە بودجەی گشتیدا، هەزاران کەس لە شایستە دارایییەکان و ئیمتیازاتی خانەنشینیی کەرتی دەوڵەت سوودمەند دەبن.