سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان هەنگاوێکی نوێ بۆ پاراستنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم دەنێت و بە نووسراوی فەرمی، سێ وەزارەتی هەرێم ڕادەسپێرێت بۆ بەدواداچوونی وردی پڕۆژەیاساکانی قەرز و بەخشینی فیدراڵی.

سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە نووسراوى فەرمیی ژمارە (11474) لە ڕۆژى (13-09-2026)، هەرسێ وەزارەتی (داد، دارایی و ئابووری و پلاندانان)ی ڕاسپارد بۆ بەدواداچوون و ئامادەکردنی تێبینی و سەرنجی یاسایی و دەستووری لەسەر پڕۆژەیاساکانی فیدراڵیی تایبەت بە قەرز و بەخشینەکان (قانون الإقتراض والمنح والإعانات).

بەپێی زانیارییەکان، ئەم بڕیارە بە مەبەستی زامنکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانە لەو قەرز و هاوکارییە نێودەوڵەتیانەی کە حکومەتی فیدراڵی وەریاندەگرێت. لەم چوارچێوەیەشدا، جەخت لەسەر جێبەجێکردنی ماددەی (106)ی دەستووری عێراق کراوەتەوە، کە بەپێی ئەو ماددەیە دەبێت هەرێمی کوردستان بەشی شایستەی خۆی لە سەرجەم قەرز و هاوکارییەکان پێ بدرێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەندین جارە جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەرێم هاوشانی ناوچەکانی دیکەی عێراق بەشدار بووە لە دانەوەی قەرزە نێودەوڵەتییەکان و سوودەکانیان، بۆیە دەبێت دادپەروەری و بنەما دەستوورییەکان لە کاتی دابەشکردنی قەرز و بەخشینەکاندا هەبێت و مافەکانی هەرێمی کوردستان وەک خۆیان ڕەچاو بکرێن و جێبەجێ کرێن.

لە کۆتایی ڕاسپاردەکەی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ سێ وەزارەتەکە هاتووە، لەبەر ئەوەی ئەم پڕۆژەیاسایانە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر مافە دەستووری و داراییەکانی هەرێم هەیە، پێویستە لە تەواوی قۆناغەکانی تاووتوێکردن و پەسەندکردنیاندا، بنەماکانی سیستەمی فیدراڵی و دادپەروەری بە تەواوی پەیڕەو بکرێن.