پاشای بەریتانیا لە کۆبوونەوەیەکی باڵادا، هۆشداری دەداتە بەڕێوەبەرانی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تەکنەلۆژیا لەبارەی مەترسییەکانی ژیریی دەستکرد.

 

ئەمڕۆ، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند، لە کۆشکی دێمفریس لە سکۆتلەندا، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە بەشداریی بەڕێوەبەرانی جێبەجێکاری کۆمپانیاکانی ئێنڤیدیا، گووگڵ دیپ مایند، ئۆپن ئەی ئای و ئەنسرۆپیک، لەگەڵ شا چارڵزی سێیەم، پاشای بەریتانیا و وەزیری بەریتانیا بۆ کاروباری ژیریی دەستکرد بەڕێوە چوو.

 

بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی ڕۆیتەرز، مەبەست لەم کۆبوونەوەیە بریتی بوو لە دەستنیشانکردنی کۆمەڵە بنەمایەکی هاوبەش تاوەکو گەشەی خێرای ئەم تەکنەلۆژیای ژیرییە دەستکردە لە ڕێڕەوی پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ و ژینگە لانەدات، بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی بەکار بهێنرێت و لەژێر کۆنترۆڵی مرۆڤدا بمێنێتەوە.

 

ئەم گفتوگۆیانە لە کاتێکدان، کە نیگەرانییەکان لەسەر خێرایی پەرەپێدانی سیستمە زیرەکەکان گەیشتووەتە ئاستێکی هەستیار، بەشێک لە شارەزایانیش بەهۆی دەرچوونی کۆنترۆڵ لە دەستی مرۆڤەوە، هۆشداری لە لەناوچوونی مرۆڤایەتی دەدەن.

 

سەرەڕای داواکاریی هەندێک لە سەرکردەکانی کەرتی تەکنەلۆژیا بۆ هێواشکردنەوەی پرۆسەکە، ناکۆکیی قووڵ لەسەر هۆکاری ئەم داواکارییانە هەیە، بەشێک لە چاودێران ئەمە بە هەوڵێک بۆ پاراستنی باڵادەستیی کۆمپانیا گەورەکان و خۆدزینەوە لە چاودێریی یاسایی لەقەڵەم دەدەن.

 

شا چارڵز لە چەندین دەیەی ڕابردوودا، بەردەوام پێگەی خۆی بۆ هۆشیارکردنەوە لە پرسە ژینگەییەکان بەکار هێناوە، ناوبراو ئێستا بە هەمان شێواز هەوڵ دەدات مەترسییە فەراهەمبووەکانی تەکنەلۆژیای سەردەم لە چوارچێوەیەکی ئەخلاقی و هاوسەنگ لەگەڵ سروشتدا ڕێک بخات.