سەنتەری شەهید مەئموون دەباغ لە هەولێر لە ماوەی 8 مانگی ڕابردوودا زیاتر لە 9 هەزار پشکنینی پێش هاوسەرگیری بۆ هاووڵاتییان ئەنجام داوە بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی تەندروستیی کۆمەڵگە.

 

ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی هەوڵە چاکسازییەکاندا لە سەنتەری مەئموون دەباغ لە شاری هەولێر، کاتی وەرگرتنەوەی ئەنجامی پشکنینەکانی پێش هاوسەرگیری لە 7 ڕۆژەوە بۆ تەنیا 48 کاتژمێر کەم کراوەتەوە.

 

بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی تەندروستی، لە ماوەی 8 مانگدا زیاتر لە 9 هەزار و 704 پشکنینی پێش هاوسەرگیری بۆ هاووڵاتییان ئەنجام داوە، ئەم هەنگاوە لە ڕێگەی بەرزکردنەوەی توانای تەکنیکیی تاقیگەکان و خێراکردنی ڕێکارە کارگێڕییەکانەوە هاتووەتە ئاراوە بۆ کەمکردنەوەی ماوەی چاوەڕوانیی هاووڵاتییان.

 

جگە لە پشکنینە پزیشکییەکان بۆ ڕێگریکردن لە نەخۆشیی تالاسیمیا و ڤایرۆسە مەترسیدارەکان، بەشی هۆشیاریی خێزانیش لە سەنتەرەکەدا چالاک کراوە، لەم بەشەدا خولی ڕاهێنان و وانەی هۆشیاری بۆ گەنجانی خوازیاری پێکهێنانی ژیانی هاوسەری پێشکەش دەکرێت، تا بە شێوازێکی زانستی شارەزای بەڕێوەبردنی خێزان و پەروەردەی دروستی منداڵ بن.

 

پشکنینی پێش هاوسەرگیری لە هەرێمی کوردستان، لە چەند ساڵی ڕابردووەوە کراوەتە مەرجێکی یاساییی بەستنی گرێبەستی هاوسەرگیری لە دادگەکاندا، ئەم سیاسەتە تەندروستییە ڕۆڵێکی بەرچاوی لە دابەزاندنی ئاستی تووشبوون بە نەخۆشییە بۆماوەییەکان و لە سەروویانەوە تالاسیمیا لە نێو نەوەی نوێدا گێڕاوە.