بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی هەولێر دەنگۆی شێواندنی ناوی کوردی لەکاتی دەرهێنانی پاسپۆرت ڕەتدەکاتەوە و جەخت لە چالاکردنی فۆنتی پیتە کوردییەکان لە سیستەمە ئەلیکترۆنییەکاندا دەکاتەوە.
ئەمڕۆ مەریوان عەبدولسەلام، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی پارێزگای هەولێر لە ڕوونکردنەوەیەکدا سەبارەت بە جێگیرکردنی پیتە کوردییەکان لە وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵ ئاماژەی بەوە کردووە، هیچ کێشەیەکی تەکنیکی لە خوێندنەوە و نووسینی ناوە کوردییەکان لە سیستەمە ئەلیکترۆنییەکاندا نییە.
مەریوان عەبدولسەلام باسی لەوە کرد، لە سیستەمی کارتی نیشتمانیدا ناوی هاووڵاتییان ڕێک وەک بەڵگەنامە بنەڕەتییەکە تۆمار دەکرێت و بۆ پاسپۆرتی ئەلیکترۆنیی نوێش (جۆری B) زانیارییەکان ڕاستەوخۆ پشت بە کارتی نیشتمانی دەبەستن.
لە کۆتاییدا بەڕێوەبەری پاسپۆرتی پارێزگای هەولێر جەختی لەوە کردەوە، فۆنتی پیتە کوردییەکان لە هەردوو سیستەمەکەدا چالاکە و هیچ کێشەیەکی نییە.