لێکتێگەیشتنی یەکێتی و پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەت چووەتە قۆناخێکی جیاوازتر، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژە بە ئاڕاستەیەکی دروستی لایەنەکان دەدات.
ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە شاری سلێمانی ڕایگەیاند، کەشوهەوایەکی باشتر لە نێوان هێزە سیاسییەکان بەتایبەت لە نێوان یەکێتی و پارتیدا هەیە، تاوەکو ئێستا کۆبوونەوەی باش لە نێوان سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی، هێزە ئەمنییەکان و هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتیدا کراوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا لە ئاڕاستەیەکی دروست دان بەرەو پێکهێنانی حکومەت، بەڵام کاتی دیاریکراوی بۆ پێکهێنانی حکومەت دەستنیشان نەکرد.
لەلایەکی دیکەوە، دوێنێ پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کردبوو، لە ئێستادا زەمینەیەکی زۆر باشتر لە هەموو کات و ماوەکانی ڕابردوو بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕەخساوە.