پرۆسەی کارگێڕیی پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان لە هەرێمی کوردستان هەنگاوی نوێی بەخۆیەوە بینی، بۆشاییە ئیدارییەکانی پەیوەست بە خانەنشینبووان بۆ ساڵی نوێی خوێندن پڕ کرانەوە.
ئەمڕۆ، ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ڕایگەیاند، نووسراوی تایبەت بە پلەبەرزکردنەوە و خانەنشینیی مامۆستایان لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە ئاراستەی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە.
سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ڕوونی کردەوە کە هەوڵی چڕ دراوە بۆ پڕکردنەوەی شوێنی خانەنشینبووان، تا کێشەی کەمیی میلاک لە ناوەندەکانی خوێندندا نەمێنێت. هەرچەندە تا ئێستا لە هەندێک وانەی دیاریکراودا کێشەی کەمیی پسپۆڕی هەر بەردەوامە.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، پرسەکانی پەیوەست بە پلەبەرزکردنەوە، خانەنشینی و بەهەمیشەییکردنی زیاتر لە 39 هەزار مامۆستای گرێبەست، بەستراونەتەوە بە پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵدا، چاوەڕوان دەکرێت لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە ناوەندەکانی خوێندنی هەرێمی کوردستاندا، زیاتر لە 200 هەزار مامۆستا ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن، پرسی وەستانی پلەبەرزکردنەوەش بۆ ماوەی چەندین ساڵە لە سەرووی داواکارییە سەرەکییەکانی کەرتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان دایە.
مامۆستایان پلەیان بەرز دەکرێتەوە
کورتە
نووسراوی تایبەت بە پلەبەرزکردنەوە و خانەنشینیی مامۆستایان، لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە ئاراستەی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا.