لە یەمەن زیاتر لە 122 هەزار کەس تەنها لە ماوەی 15 رۆژدا ئاوارە بوون، ئەمەش بەهۆی پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکان لەگەڵ حووسییەکاندا دەگەڕێتەوە.

یەکەی کارگێڕی بەڕێوەبردنی کەمپی ئاوارەکان لە یەمەن بڵاوی کردەوە، لە 15 ڕۆژی سەرەتای مانگی ئەیلوولدا، لە هەشت پارێزگای وڵاتەکەدا 17 هەزار و 852 خێزان کە لە 122 هەزار و297 کەس پێکهاتبوون، ئاوارە و دەربەدەر بوون.

  
هەر بە پێی ئەو ڕاپۆڕتەی کە لەلایەن یەکەکەوە دەرچووە، زۆرترین ڕێژەی ئاوارەبوون لە شاری تەعز تۆمارکراوە کە نزیکەی 67 هەزار کەس دەبێت، لە دوای ئەویش شاری لاهج دێت بە 31 هەزار و 577 کەسی ئاوارە و دواتر عەدەن بە 5 هەزار و 555 ئاوارە دێت.

یەکەکە جەخت لەوەشدەکاتەوە، ئاوارەکان پێویستی پەلەیان بە پەناگە، خۆراک، ئاوی پاک و خزمەتگوزاری تەندروستی هەیە بەهۆیەوە داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کراوە کە دەستبەجێ هاوکاری بگەیەنرێتە ئاوارەکان.

لە یەمەن هەڵکشانی شەڕ و پێکدادانەکان لە مانگی تەمموزەوە نەخشەی مەیدانی وڵاتەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو گۆڕیوە، بەجۆرێک حووسییەکان کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی پارێزگای حودەیدە و بەندەرە گرنگەکانی سەر دەریای سوور، هێڵەکانی گەیشتن بە گەرووی باب مەندەب، ناوچەی زوباب و دوورگەی میونیشدا کردووە.