دوای هێرشە درۆنییەکی حوسییەکان بۆ سەر شاری مەککەی پیرۆز، سعودیە بە فەرمی داوایەکی بەپەلەی ئاڕاستەی 4 وڵاتی جیهان کرد.

ئەمڕۆ ئاژانسی ئەسۆشیەتید پرێس لە زاری بەرپرسانی باڵای سعودیە بڵاویکردەوە، سعودیە تووشی کورتهێنانی مووشەکی سیستەمی بەرگری ئاسمانی بووە، بۆیە داوا لە هەر یەک لە وڵاتانی فەرەنسا، بەریتانیا، پاکستان و میسڕ دەکات مووشەکیان بۆ دابین بکەن.

داواکارییەکەی سعودیە دوای ئەوە دێت، کە ئەمریکا سەرەڕای ئەوەی یارمەتیدەری سەرەکی سعودیەیە لە بواری سەربازی، بەڵام لەئێستادا یارمەتییەکانی بۆ سعودیە ڕاگرتووە، چونکە ئەمریکا خۆیشی تووشی کورتهێنانی مووشەکی سیستەمی بەرگری ئاسمانی جۆری 'پاتریۆت' بووە.

دوێنێ چوارشەممە سعودیە حوسییەکانی یەمەنی بە هێرشکردنە سەر شاری مەککەی پیرۆز تۆمەتبار کرد و جەختی کردەوە کە شاری مەککە "هێڵی سوورە"، هاوکات وڵاتانی دراوسێ سەرکۆنەی هێرشەکەیان کرد، بەڵام هیچ هاوکارییەکی سەربازییان پێشكەش نەکرد.

لە وەڵامدا حوسییەکانی یەمەن ئەم تۆمەتانەیان ڕەت کردەوە. شاری مەککە 1,100 کیلۆمەتر لە سنووری یەمەن دوورە.

ئەمە لە کاتێکدایە، سێ ڕۆژ لەمەوبەر رۆژنامەی ئیسرائیل هیوم لە ڕاپۆرتێکدا ئاشكرای کرد، محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە داوای هاوکاری لە حکومەتەکانی وڵاتانی دراوسێ کردووە و بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆش، داوای لە ئیسرائیل کردووە لە دژی حوسییەکانی یەمەن پاڵپشتییان بکات.

لە وەڵامدا ئیسرائیل ڕازی بووە بە پێدانی زانیاری وردی هەواڵگری لەبارەی حوسییەکانی یەمەن.