ئەم چیرۆکە یەکێکە لە شاکارە هەرە بەناوبانگ و پڕماناکانی نووسەر و شانۆنامەنووسی جیهانیی بەڕەگەز ئێرلەندی (ئۆسکار وایڵد)، کە لە ساڵی 1888دا بە ناوی (The Selfish Giant) بڵاوی کردووەتەوە و لە چوارچێوەی ئەدەبیاتی کلاسیکیی جیهانیدا بە چیرۆکێکی فێرکاری و سیمبولیی کەمهاوتا دادەنرێت؛ چیرۆکەکە بە گشتی باس لە گۆڕانی دەروونی و ڕۆحیی کەسایەتییەکی زەبەلاح و خۆپەرست دەکات، کە سەرەتا لە ناخیدا کەسێکی ڕەقی بەدگومان و ڕەزیلە، بەڵام لە ڕێگەی بێگەردیی منداڵان و خۆشەویستییەوە دەگۆڕێت بۆ کەسێکی میهرەبان و بەخشندە.

 

چیرۆک

نووسینی: ئۆسکار وایڵد

وەرگێڕانی: سایە ئازاد

 

هەموو پاشنیوەڕۆیەک کە لە قوتابخانە دەگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە، هەندێک منداڵ دەڕۆن و لە باخچەی زەبەلاحەکەدا یاری دەکەن کە باخچەیەکی گەورەی دڵگیرە. گەڵای نەرمۆکەی سەوزی لێیە و گوڵی جوانی وەک ئەستێرەش لەسەر گیاکە هەن؛ 12 درەختی قۆخیش کە بەهاران پڕن لە گوڵی قەشەنگی سپی و پەمەیی، لە پاییزاندا میوەی بەتام دەگرن. باڵندەکان لەسەر لقی درەختەکان دەنیشنەوە و ئاوازی خۆش دەخوێنن، زۆرجار منداڵەکان لە گەمە دەوەستن تا گوێبیستیان بن و لەنێو خۆیاندا دەڵێن: "چەند دڵخۆشین لێرە!".

 

ڕۆژێک کە زەبەلاح لە سەردانیکردنی دێوی کۆڕنواڵی هاوڕێی دەگەڕێتەوە، لە کاتی گەیشتنیدا دەبینێت منداڵەکان لە باخچەکەیدا یاری دەکەن. زەبەلاحەکە زۆر بەتووڕەیی هاوار دەکات: "ئەوە چی دەکەن لێرە؟!". منداڵەکان هەموو لە ترساندا هەڵدێن. دواتر دەڵێت: "باخچەی خۆم هیی خۆمە و کەس ناتوانێت لەناویدا گەمە بکات". دیوارێکی بەرز بە دەوری باخچەکەدا دروست دەکات و ئاگادارییەکی قەدەغەکردنی چوونەژوورەوەش هەڵدەواسێت؛ ئەو زەبەلاحێکی زۆر خۆپەرست بوو. ئێستا منداڵە داماوەکان هیچ جێیەکیان نییە بۆ گەمەکردن. هەوڵ دەدەن لەسەر ڕێگا یاری بکەن، بەڵام ڕێگا هەمووی خۆڵاوی و بەردەڵانە، بۆیە حەزیان لێی نییە. زۆرجار کە لە قوتابخانە دەگەڕێنەوە، بە ژێر دیوارە بەرزەکەدا تێدەپەڕن و باسی باخچە قەشەنگەکە دەکەن.

 

بەهار هاتووە و وڵات هەمووی پڕ لە گوڵی ورد و باڵندەی بچووکە، بەڵام لە باخچەی زەبەلاحە خۆپەرستەکەدا هێشتا هەر زستانە. چونکە منداڵەکانی لێ نین، باڵندەکان نایانەوێت تێیدا بخوێنن و گوڵەکانیش ناکرێنەوە. بەڵام بەفر و زووقم دڵخۆشن و دەڵێن: "بەهار کەیفی بەم باخچەیە نایەت، بۆیە دەتوانین تەواوی ساڵ لێرە بژین!". بەفر بە عەبا سپییە گەورەکەی گیاکە دادەپۆشێت و زووقمیش هەموو درەختەکان بە ڕەنگی سەهۆڵین بۆیە دەکات. ئەو دووە بانگهێشتی بای باکوور دەکەن تا لەلایان بمێنێتەوە؛ تەواوی ڕۆژەکە با بەسەر باخچەکەدا دەگڤێنێت و دووکەڵکێشەکان پڕ دەکاتەوە، دواتر دەڵێت: "جێیەکی چەند دڵڕفێنە، با بانگهێشتی تەرزەش بکەین بێتە لامان". تەرزە دێت و ڕۆژانە 3 کاتژمێر بەسەر قەڵاکەدا دەبارێت تا بەشی زۆری بنمیچەکەی تێک دەشکێنێت، پاشان تا بتوانێت بە خێرایی بەناو باخچەکەدا دەخولێتەوە و دەخولێتەوە؛ هەمیشە خۆڵەمێشی دەپۆشێت و هەناسەشی وەک سەهۆڵە. زەبەلاحە لەخۆبایییەکە بەدەم سەیرکردنی باخچە سپییە ساردەکەوە دەڵێت: "تێ ناگەم بۆچی ئەمساڵ بەهار درەنگ کەوتووە، هیوادارم بەم زووانە کەشەکە بگۆڕێت". بەڵام بەهار نایەت و هاوینیش نایەت؛ لە پاییزدا هەموو باخچەکانی دیکە پڕ لە میوەی ئاڵتوونین، تەنیا باخچەی زەبەلاحەکە نەبێت. پاییز دەڵێت: "زەبەلاحەکە زۆر خۆپەرستە"، بۆیە لەوێ هەمیشە زستانە؛ بای باکوور، زووقم، بەفر و تەرزە لەنێوان درەختەکاندا سەما دەکەن.

 

بەیانییەک کە زەبەلاحەکە لەسەر جێگەکەی ڕاکشاوە، گوێی لە مۆسیقایەکی دڵگیر دەبێت و وا بیر دەکاتەوە ژەنیارەکانی پاشا بن، بەڵام دەنگەکە هیی باڵندەیەکی بچووکە کە لە دەرەوەی پەنجەرەکەی دەخوێنێت. زەبەلاحەکە پێی وایە ئەوە خۆشترین ئاوازی دنیایە. پاش ماوەیەک تەرزە لە سەماکردن دەوەستێت و بای باکووریش شنەی نایەت، لە پەنجەرە کراوەکەوە بۆنێکی خۆش بۆ زەبەلاحەکە دێت و دەڵێت: "لە کۆتاییدا بەهار لێرەیە!". لە جێگەکەی باز دەدات تا لە دەرەوە بڕوانێت.

 

چی ببینێت؟


منداڵەکان لە کونێکی بچووکی دیوارەکەوە هاتوونەتە ژوورەوە و لەسەر لقی درەختەکان دانیشتوون؛ لەسەر هەر درەختێک منداڵێکی بچووک دانیشتووە. درەختەکان بە گەڕانەوەی منداڵەکان دڵخۆشن، گوڵیان گرتووە و باڵندەکان دەخوێنن، گوڵەکانیش لەناو گیاوە سەریان بەرز کردووەتەوە و پێدەکەنن. بەڵام لە سووچێکدا دەبینێت هێشتا هەر زستانە! کوڕێکی وردیلانە لە گۆشەیەکی دووری باخچەکەدا وەستاوە، چونکە زۆر بچووکە ناتوانێت سەر بکەوێتە سەر دارەکە. کوڕە بچکۆلەکە دەگریێت و درەختە داماوەکەش هێشتا بە بەفر و زووقم داپۆشراوە و بای باکوور بە دەوریدا گڤەی دێت. درەختەکە دەڵێت: "سەرکەوە، بچکۆل!". کاتێک زەبەلاحەکە کوڕەکە دەبینێت، دڵی پڕ لە پەژارە دەبێت و لە ناخی خۆیدا دەڵێت: "من چەندە خۆپەرستم! ئێستا دەمەوێت ئەو کوڕە داماوە بخەمە سەر درەختەکە، دیوارەکەش دەڕووخێنم و باخچەکەم دەکەمە جێی هەمیشەییی گەمەی منداڵان". زەبەلاحەکە بە پلیکانەکاندا دێتە خوارەوە، دەرگای پێشەوە دەکاتەوە و دەچێتە ناو باخچەکە. بەڵام کاتێک منداڵەکان دەیبینن، دەترسن و هەڵدێن، دەستبەجێ باخچەکە دەبێتەوە بە زستان. تەنیا کوڕە بچکۆلەکە ڕاناکات، چونکە چاوەکانی پڕ لە فرمێسکن و نایبینێت کە زەبەلاحەکە دێت. زەبەلاح بە هێواشی بەرەو ڕووی دەچێت، لە باوەشی دەگرێت و لەسەر درەختەکە دایدەنێت. درەختەکە دەستبەجێ پڕ دەبێت لە گوڵ و باڵندەکان دێن لەسەری دەخوێنن. کوڕە بچکۆلەکە دەست لە ملی زەبەلاحەکە دەئاڵێنێت و ماچی دەکات. کاتێک منداڵەکانی دیکە دەبینن زەبەلاحەکە شەڕەنگێز نییە، بە ڕاکردن دەگەڕێنەوە. زەبەلاحەکە دەڵێت: "ئێستا ئەم باخچەیە هیی ئێوەیە، منداڵە بچکۆلەکان"، پاشان دیوارەکەش لادەبات. منداڵەکان تەواوی ڕۆژەکە گەمە دەکەن و ئێوارە بۆ ماڵاوایی دێنەوە لای زەبەلاحەکە. زەبەلاحەکە لەبەر ئەوەی کوڕە بچکۆلەکەی زۆر خۆش دەوێت، لێیان دەپرسێت: "ئەی هاوڕێ بچکۆلەکەتان لەکوێیە؟"، بەڵام ئەوان نازانن لەکوێیە؛ زەبەلاح هیوادارە سبەی بگەڕێتەوە. هەموو پاشنیوەڕوانێک دوای تەواوبوونی قوتابخانە، منداڵەکان دێن و لەگەڵ زەبەلاح یاری دەکەن، بەڵام کوڕە بچکۆلەکە هەرگیز ناگەڕێتەوە.

 

زەبەلاحەکە لەگەڵ هەموو منداڵەکاندا میهرەبانە، بەڵام هێشتا خەمبارە و بیر لە هاوڕێ بچکۆلەکەی خۆی دەکاتەوە. ساڵان تێ دەپەڕن، زەبەلاحەکە پیر و ماندوو دەبێت، لەسەر کورسییەکی گەورە دادەنیشێت، سەیری منداڵانی ناو باخچەکە دەکات و دەڵێت: "من زۆر گوڵی جوانم هەن، بەڵام لە گوڵەکان جوانتر منداڵەکانن".

 

بەیانییەکی زستان لە پەنجەرەکەوە دەڕوانێتە دەرەوە؛ ئێستا ئەو ڕقی لە زستان نییە، چونکە دەزانێت کە گوڵەکان تێیدا پشوو دەدەن. بڕوا بەوە ناکات کە دەیبینێت؛ لە سووچێکی باخچەکەدا درەختێک هەیە کە بە گوڵی ناسکی سپی داپۆشراوە، لقەکانی ئاڵتوونین و میوەی زیوینیان پێوەیە، کوڕە بچووکە خۆشەویستەکەش لەژێر درەختەکەدا وەستاوە. زەبەلاحەکە بە پلیکانەکاندا ڕادەکاتە خوارەوە و دەچێتە ناو باخچەکە، بەپەلە بەسەر گیاکەدا تێ دەپەڕێت؛ کاتێک لە منداڵەکە نزیک دەبێتەوە، بە تووڕەیییەوە دەپرسێت: "کێ ئازاری داویت؟"، چونکە لەسەر لەپ و پێیە بچووکەکانی شوێنەواری برین هەن، هاوار دەکات: "کێ ئازاری داویت؟ پێم بڵێ!". منداڵەکە وەڵام دەداتەوە: "نا! ئەوانە برینەکانی خۆشەویستین". زەبەلاحەکە بە سەرسامییەوە دەپرسێت: "تۆ کێیت؟". منداڵەکە زەردەخەنەی بە ڕوودا دەکات و دەڵێت: "تۆ ڕۆژێک ڕێگەت دا لە باخچەکەتدا یاری بکەم، ئەمڕۆ تۆ لەگەڵمدا وەرە بۆ باخچەکەم کە بەهەشتە".

 

ئەو دوانیوەڕۆیە، کاتێک منداڵەکان بۆ ناو باخچەکە ڕادەکەن، زەبەلاحەکە بە مردوویی لەژێر درەختەکەدا بە ڕاکشاوی دەدۆزنەوە، لە کاتێکدا سەرتاپای جەستەی بە گوڵی سپی داپۆشراوە.