ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئاساییی خۆیدا بە فەرمی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی باڵای دانیشتووانی عێراقی سەبارەت بە دیاریکردنی ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم بە 12.68% ڕەتکردەوە و جەختی لەسەر ڕێژەی 14.14% وەک ئەنجامی پەسەندکراوی سەرژمێریی 2024 کردەوە. هاوکات بڕیاری پێویست لەبارەی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن، بەشداریکردن لە پرۆگرامی نێودەوڵەتیی PISA و مەرجەکانی هەرێم بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 درا.
ئەمڕۆ بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. لەم کۆبوونەوەیەدا کۆمەڵێک دۆسیەی هەستیاری نیشتمانی و چارەنووسساز تاوتوێ کران.
لە بڕگەی یەکەمی کارنامەی کۆبوونەوەکەدا، وەزیرانی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و پەروەردە ڕاپۆرتێکی هاوبەشیان لەبارەی ئامادەکارییەکانی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی 2026-2027 پێشکەش کرد. لە ڕاپۆرتەکەدا ئامادەکارییە کارگێڕی، پەروەردەیی، زانستی و تەکنیکییەکان و پێداویستییە سەرەکییەکانی پۆلەکانی خوێندن خرانەڕوو.
وەزیری پەروەردە لە بەشێکی تایبەتی ڕاپۆرتەکەیدا ئامادەکارییەکانی وەزارەتەکەی بۆ بەشداریکردن لە بەرنامەی نێودەوڵەتیی هەڵسەنگاندنی قوتابیان (PISA) ڕوونکردەوە، کە توانای قوتابیان لە بوارەکانی خوێندنەوە، بیرکاری و زانستدا دەپێوێت. ئەنجوومەنی وەزیران بە بایەخەوە لەم دەستپێشخەرییەی ڕوانی و جەختی کردەوە کە دەبێت سوود لە ئەنجامەکان وەربگیرێت بۆ دەستنیشانکردنی کەموکوڕییەکان و بەرزکردنەوەی کوالێتیی پەروەردە.
دوای گفتوگۆیەکی چڕوپڕ، ئەنجوومەنی وەزیران جەختی لە دەستپێکردنی ساڵی خوێندن لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا کردەوە و سەرجەم وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە پێداویستییە سەرەکییەکانی قوتابخانە و زانکۆکان بە خێرایی پڕ بکەنەوە.
لە بڕگەی دووەمدا، وەزیری پلاندانان ڕاپۆرتێکی لەسەر نووسراوەکانی حکومەتی فیدراڵ و بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای دانیشتووانی عێراق خستەڕوو کە تێیدا ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانیان بە 12.68% دیاری کردووە. ئەنجوومەنی وەزیران بە تووندی ئەم ڕێژەیەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کە بەپێی ئەنجامی فەرمی و پەسەندکراوی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان و نیشتەجێبوونی ساڵی 2024، ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم 14.14%یە.
حکومەتی هەرێم جەختی کردەوە کە سەرژمێری لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوو وەزارەتی پلاندانانی هەولێر و بەغدا بەڕێوەچووە و میکانیزمەکانیش لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵەوە پەسەند کراون. بۆ ئەم مەبەستە، وەزارەتەکانی داد، پلاندانان و سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران ڕاسپێردران کە هەموو ڕێکارە دەستووری، دادوەری و یاسایییەکان بگرنەبەر بۆ چەسپاندنی ئەم مافە فەرمییە.
ئەنجوومەنی وەزیران ڕوونی کردەوە کە ئەم ڕێژەیە تەنیا پەیوەست نییە بە پشکی بودجە و دابەشکردنی داهات، بەڵکو کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر ئاستی بەشداری و کورسییەکانی هەرێم لە پەرلەمان، سەرۆکایەتییەکان، دامەزراوە دەستوورییە فیدراڵییەکان و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی عێراق لە دەرەوەی وڵات.
لە بڕگەی سێیەمدا، شاندی باڵای دانوستانکاری هەرێم دەرئەنجامی کۆبوونەوەکانی بەغدای لەگەڵ وەزارەتەکانی دارایی، نەوت و پلاندانان لە چوارچێوەی ئامادەکاریی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 خستەڕوو. شاندەکە هەوڵەکانی بۆ جێگیرکردنی شایستە دارایییەکان، پرسی مووچە، خەرجییە سیادی و حاکمەکان و شێوازی هەژمارکردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی ڕوونکردەوە.
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بە کۆتوبەندە نایاسایییەکانی ساڵانی ڕابردووی بودجە کرد، بەتایبەت سەپاندنی پێوەری 'خەرجکردنی ڕاستەقینە' و زیادکردنی قەبارەی خەرجییە سیادییەکان، کە زیانی گەورەیان بە شایستەکانی هەرێم گەیاندووە. هەروەها ڕەخنە لە بەستنەوەی مووچەی مووچەخۆران بە کێشە نەوتی و دارایییەکان گیرا و دووپات کرایەوە کە بەپێی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی لە شوباتی 2024، مووچە شایستەیەکی یاساییی مسۆگەرە و نابێت بە هیچ جۆرێک دوابخرێت یان ببەسترێتەوە بە ناکۆکییە سیاسییەکان.
لە کۆتاییی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنی وەزیران داوای لە تەواوی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق کرد کە بە یەکڕیزی داکۆکی لە بودجەی 2027 بکەن.