بانکی ناوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ یەکەم جار لە ساڵی 2023ـەوە ڕێژەی سوودی بانکی بەرز کردەوە، بە ئامانجی کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان. ئەم هەنگاوەش ناڕەزایەتیی توندی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای بەدوای خۆیدا هێنا.

ئەمڕۆ، ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەیتد پرێس (AP) ڕایگەیاند، ئەنجوومەنی یەدەگی فیدراڵی بە ڕێژەی چارەکە خاڵێک سوودی سەرەکیی گەیاندە نزیکەی 3.9%، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە بەردەوامیی هەڵاوسانی ئابووری لە ناوخۆی وڵاتەکەدا.

ئەم گۆڕانکارییە دەشێت قەرزکردن گرانتر بکات، خەرجکردن و وەبەرهێنان کەم بکات، کاریگەری لەسەر بەهای دۆلار و بازاڕە داراییەکان دابنێت، لەگەڵ ئەوەشدا، بڕیارەکانی ئەم بانکە بەهۆی گرنگیی پێگەی دۆلار و ئابووریی ئەمریکاوە، دەتوانن کاریگەریی جیهانییان هەبێت.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە میانی گوتارێکدا لە کارۆلینای باکوور، ئەنجوومەنی فیدراڵیی بە دوژمنکار و لایەنگری سیاسی ناو برد و جەختی کردەوە کە دەبوو سوودی بانکی لە 1% یان کەمتر بێت، ترەمپ لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا بەڵێنی دا، ئەگەر کۆمارییەکان لە هەڵبژاردندا سەر بکەون، بڕی 5 هەزار دۆلار بە هەموو هاووڵاتییەکی پێگەیشتوو دەدات.

ململانێی ئابووری و ناکۆکی لەسەر بەرزبوونەوەی هەڵاوسان، مێژوویەکی درێژی لە نێوان کۆشکی سپی و بانکی ناوەندیی ئەمریکادا هەیە، ئاستی بەرزی تێچووی بژێوی و قەیرانە داراییەکان لە مێژووی هاوچەرخی ئەمریکادا، بەردەوام فاکتەری یەکلاکەرەوەی سەرکەوتنی پارتەکان بوون لە کێبڕکێی هەڵبژاردنە گشتییەکاندا.