دادگای تاوانەکانی دژەگەندەڵی لە عێراق، بە تۆمەتی بەدەستهێنانی سامانی نایاسایی و شاردنەوەی سامانی ڕاستەقینە، سزای 7 ساڵ زیندانیکردنی بۆ پەرلەمانتارێکی نزیک لە نووری مالیکی دەرکرد.
ئەمڕۆ دەستەی دەستپاکیی فیدراڵیی عێراق ڕایگەیاند، دادگای تاوانەکانی دژەگەندەڵی بە پشتبەستن بە ماددەی 19ی یاسای دەستپاکی، سزای 7 ساڵ زیندانیکردنی بۆ بەهائەدین نووری محهممهد حوسێن، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران دەرکردووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە بەهۆی ئاشکرابوونی ئاوسانی دارایی و کەڵەکەبوونی سامانی نایاسایی لە ئەستۆی ناوبراودا، ئەم سزایەی بەسەردا سەپێنراوە.
بەپێی زانیارییەکانی دەستەی دەستپاکی، قەبارەی سەرمایەی ئەو پەرلەمانتارە گەیشتووەتە 5 ملیار و 887 ملیۆن و 850 هەزار دینار، لەگەڵ 10 ملیۆن و 990 هەزار و 787 دۆلاری ئەمریکی. دادگا بڕیاری داوە تەواوی ئەم پارەیە لەگەڵ غەرامەیەکی داراییی هاوتادا بۆ دەوڵەت بگەڕێنرێتەوە.
هاوکات سزای 3 ساڵی دیکەی بەندکردنی بە تۆمەتی شاردنەوەی زانیاری لە فۆرمی ئاشکراکردنی سامان بەسەردا سەپێنراوە و دەست بەسەر سەرجەم سامانی گوێزراوە و نەگوێزراوەیدا دەگیرێت.
بەهائەدین نووری محهممهد حوسێن، ناسراو بە بەها نووری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و نوێنەری پارێزگای میسانە لە خولی شەشەمی پەرلەماندا؛ ناوبراو سەر بە هاوپەیمانیی (ئیئتیلافی ئیعمار و تەنمیە)یە و لە لێژنهی نەوت و غاز و سامانە سروشتییەکانی پەرلەماندا کار دەکات. هەروەها لە زۆربەی چالاکییە سیاسییەکاندا وەک یەکێک لە کەسایەتییە نزیک و هاوپەیمانەکانی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانییەکە ناسراوە.
لە عێراقدا، دەسەڵاتی دادوەری لە ڕێگەی دەستەی دەستپاکی و دادگاکانی تاوانەکانی گەندەڵییەوە چاودێریی وردی سامانی بەرپرسان و پەرلەمانتاران دەکات بۆ ڕێگریکردن لە بەدەستهێنانی سامانی نایاسایی. ئەم هەنگاوانەش بە مەبەستی بەرگرتنە لە بەفیڕۆدانی سامانی گشتی و چەسپاندنی لێپرسینەوەی یاسایی بەرامبەر بە کەسایەتییە سیاسییە باڵاکان.