لە سبەینێەوە پرۆسەی پێشکەشکردن بۆ وەرگرتنی دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان دەست پێدەکات.
ئەمڕۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڵاویکردەوە، کاتژمێر 8:30ی سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە وێبسایتی زانکۆلاین (www.regayzanko.com) بۆ ماوەی 8 ڕۆژ بۆ دەرچووانی بەشەکانی زانستی، وێژەیی، پیشەیی و خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان کارا دەبێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵا باسی لەوە کرد، قوتابییان دەتوانن دوای وەرگرتنەوەی ناوی بەکارهێنەر و وشەی تێپەڕ لە قوتابخانەکانی خۆیان، فۆرمی وەرگرتن پڕ بکەنەوە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا خوێندنی باڵا داوا لە دەرچووان دەکات، ڕێبەری وەرگرتن بە وردی بخوێننەوە و خۆیان فۆرمەکان پڕ بکەنەوە و ڕوو لە سەنتەرە نافەرمییەکان نەکەن.
بەگوێرەی ئامارەکان، بۆ ساڵی خوێندنی 2026-2027 بە کۆی گشتی 40,716 دەرچوو، لەوانەش 30,847 لە بەشی زانستی، 7,923 لە بەشی وێژەیی، 1,240 لە ئامادەیییە پیشەیییەکان و 706 لە خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان، کێبڕکێ لەسەر 680 بەش لە 16 زانکۆی حکوومی دەکەن.
لە کۆتاییدا، وەزارەتی خوێندنی باڵا هۆشداری دەدات، ستافی وەرگرتن هیچ پەیج و ئەکاونتێکی فەرمیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نییە و تاکە سەرچاوەی ڕێنماییەکان پەڕەی فەرمیی وەزارەتەکەیە لە فەیسبووک.