نزیکەی 20 ڕۆژە تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی پۆلی 12ـی ئامادەیی کۆتایی هاتووە، وەزارەتی خوێندنی باڵا دڵنیایی بە قوتابییان دەدات، کە زۆرترین دەرچوو لە زانکۆ و پەیمانگاکان وەربگیرێت.
ئەمڕۆ عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، پڕۆسەی هەڵسەنگاندن و وردبینی بۆ نمرەی دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی لە قۆناغی کۆتاییدایە و بە ئەگەری زۆرەوە ئەمڕۆ یان سبەی سیستمی زانکۆلاین کارا دەکرێت.
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت: "دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی دەتوانن لە ڕێگەی زانکۆلاینەوە بەگوێرەی نمرەکانیان بەش و کۆلێژی دڵخوازی خۆیان هەڵبژێرن."
عەباس ئەکرەم ئاماژەی بەوەش دا، هەموو هەوڵێک دراوە بۆ ئەمساڵ زۆرترین قوتابی لە زانکۆ و پەیمانگەکەکان وەربگیرێن.
سەبارەت بە ڕێگەکان و سیستمی وەرگرتن، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕوونی کردەوە، قوتابییان دەتوانن لە ڕێگەی هەرسێ سیستمی بەیانیان، پاراڵێڵ و ئێوارانەوە زانکۆلاین پڕ بکەنەوە و دەرفەتی وەرگرتنیان لە زانکۆ و پەیمانگەکەکان هەبێت.