داڕمانی کانی زێڕی زەراع لە ویلایەتی کوردوفانی ڕۆژئاوا لە باشووری سوودان، بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 55 کرێکار و بێسەروشوێنبوونی دەیانی دیکە لەژێر داروپەردوودا.

 

ئەمڕۆ ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری ڕزگاربووانی ڕووداوەکەوە ڕایگەیاند، ڕۆژی سێشەممە (15ی ئەیلوول)، چەند تونێلێکی دەرهێنانی زێڕ لە کانی زەراع بەسەر کرێکاراندا داڕماون و تا ئێستا تەرمی 60 کەس لەژێر خۆڵ و بەردەکاندا دەرهێنراون.

 

شایەتحاڵەکان ڕوونیان کردەوە کە هاوڕێکانیان بە ئامرازی سەرەتایی بە درێژاییی شەو سەرقاڵی گەڕان بوون بەدوای تەرمەکان یان هەر ڕزگاربوویەکدا، بەڵام بەهۆی داڕمانی یەکلەدوایەکی بیرەکانەوە، ئومێدێکی کەم هەیە بۆ رزگاربوونی ئەو کەسانەی لە قووڵاییدا گیریان خواردووە.

 

زۆربەی پرۆسەی دەرهێنانی زێڕ لە سوودان لە ڕێگەی کێڵگە نەریتی و نایاساییەکانەوە ئەنجام دەدرێت. کرێکارانی گەنجیش بەهۆی بێکاریی بەرفراوان و هەژارییەوە ڕوو لەو ناوچە پڕمەترسییانە دەکەن.

 

کرێکاران لە بەرامبەر کرێیەکی کەمدا لە ژینگەیەکی سەختدا کار دەکەن و ڕووبەڕووی ماددە ژەهراوییەکانی وەک سیانید و جیوە دەبنەوە؛ هەر بەو هۆیەوە، یەکێتیی ئەورووپا و بەریتانیا سزایان خستووەتە سەر بازرگانی و هەناردەکردنی ئەو کەرەستانەی لە دەرهێنانی نایاساییی زێڕدا بەکار دەهێنرێن.

 

سوودان یەکێکە لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی زێڕ لە ئەفریقادا. لە دوای سەرهەڵدانی جەنگی ناوخۆ لە ساڵی 2023شەوە، داهاتی قاچاخچێتیی ئەم کانزایە بووەتە سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی چەک و دارایی بۆ لایەنە ناکۆکەکانی شەڕەکە.

 

ئەم ئابوورییەی جەنگ نیگەرانیی نەتەوە یەکگرتووەکانی لێ کەوتووەتەوە، چونکە بووەتە ڕێگر لە بەردەم کۆتاییهاتنی ململانێکان و چارەسەرکردنی قەیرانی برسییەتی لە وڵاتەکەدا.