وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، مانەوەی 1200 عێراقی لە سووریا دوای داخستنی تەواوەتیی کەمپی هۆڵ، بۆ بوونی پەیوەندییان بە دۆسیەکانی تیرۆرەوە گەڕاندەوە.
ئەمڕۆ کەریم نووری، بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد کە دوای داخستنی کەمپی هۆڵ، 1200 عێراقی لە سووریا ماونەتەوە و ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کە ڕەنگە بەشێکیان ناویان لە نێو دۆسیەکانی تیرۆردا هەبێت.
بریکاری وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کرد، 21 هەزار و 540 عێراقی لە کەمپی هۆڵەوە گەڕاونەتەوە بۆ زێدی خۆیان، هەروەها زیاتر لە 15 هەزار کەس لەو گەڕاوانە چارەسەری دەروونییان بۆ ئەنجام دراوە و پاشان گەڕێندراونەتەوە بۆ نێو ماڵەکانیان، بەبێ ئەوەی هیچ پێشێلکارییەکی ئەمنی لەو ناوچانەدا تۆمار بکرێت کە بۆی گەڕاونەتەوە.
بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران گوتی: "لە ئێستادا زیاتر لە 4 هەزار کەس لە سەنتەری ئەمەل چاکسازیی دەروونییان بۆ دەکرێت، وەک ئامادەکارییەک بۆ گەڕانەوەیان بۆ ماڵەکانیان تا بە شێوەیەکی ئاشتییانە تێکەڵ بە کۆمەڵگە ببنەوە".
کەمپی هۆڵ دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری حەسەکە و بە یەکێک لەو کەمپە دیارانە دادەنرێت کە پێشتر دەیان ژن و منداڵی چەکدارانی داعشی تێدا نیشتەجێ بوون؛ کەمپەکە بە 'بۆمبێکی تەوقیتکراو' وەسف دەکرا و هۆکارەکەشی بۆ کۆکردنەوەی مەترسیدارترین خێزانی چەکدارە توندڕەوەکانی جیهان لەو شوێنەدا دەگەڕێندرایەوە.