دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەت، ئەنجامی گفتوگۆکانی لەسەر چەند دۆسیەیەکی دارایی، کارگێڕی و سەرژمێری ئاشکرا کرد.
ئەمڕۆ پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە بەپێی ئامارە فەرمییەکانی سەرژمێریی بەغدا، ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم (بەبێ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم) زیاتر لە 14%یە، بەڵام حکومەتی فیدراڵ بە بڕیارێک ڕێژەکەی بۆ 12.68% کەم کردووەتەوە.
گوتەبێژی حکومەت جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان بەتەواوی ئەم کارە ڕەت دەکاتەوە و لە ڕێگەی سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ و بە سوودوەرگرتن لە یەکهەڵوێستیی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا، بەرگری لەم مافە نیشتمانییە دەکات.
پێشەوا هەورامانی ئاماژەی بەوە کرد، ئەنجوومەنی وەزیران بە کۆدەنگی بڕیاری داوە بۆ کەمکردنەوەی فشار لەسەر وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا، ئەو میلاکانەی لەسەر داهاتی ناوخۆ دامەزراون و بە هەر هۆکارێک دەستبەرداری کارەکانیان بوون، ڕێگەیان پێ بدرێت شوێنەکانیان پڕ بکرێنەوە.
لەبارەی دانوستانەکانی شاندی حکومەت لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، گوتەبێژی حکومەت جەختی لە سێ خاڵی جەوهەری کردەوە:
• چەسپاندنی مووچە: دەبێت لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2027دا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم هاوشێوەی عێراق بپارێزرێت و دەستکاری نەکرێت.
• گەڕاندنەوەی شایستە داراییەکان: پێویستە سەرجەم ئەو شایستە دەستوورییانەی پێشتر نەدراون، بگەڕێندرێنەوە.
• زیادکردنی پشکی نەوت: بەغدا ئاگادارە کە 50 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بۆ پێداویستیی ناوخۆ بەش ناکات، بۆیە داوای زیادکردنی کراوە.
گوتەبێژی حکومەت دووپاتی کردەوە کە هەرێم هەموو ئەرکەکانی بەرامبەر بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لە دۆسیەی مووچەدا جێبەجێ کردووە و ئێستا کاتی بەرگریکردنی یەکدەنگانەیە لە مافەکانی خەڵک.