وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان کار لەسەر دەرهێنانی مووچەی مووچەخۆران لە خەرجیی کرداری و جێگیرکردنی شایستە داراییەکان لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2027ی عێراق دەکات.

 

ئەمڕۆ ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری لەگەڵ هۆڵی ڤێر، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری کۆبووەوە. 

 

لە دیدارەکەدا بەرەوپێشچوونەکانی ئامادەکردنی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027ی عێراق و جێگیرکردنی پشکی هەرێم خرایەڕوو، وەزیری دارایی ئاماژەی بەوە کرد، چەند مانگێکە سەرقاڵی دیاریکردنی مافەکانن لەسەر بنەمای دەستوور و داتاکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان، هەروەها جەختی لە دەرهێنانی مووچەی هەرێم لە خەرجیی کرداری کردەوە. 

 

سەبارەت بە جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا، وەزیری دارایی ڕوونیکردەوە، گەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ ئەوەی لە دەروازەکان جێبەجێ بکرێت تا ئاستەنگەکانی بەردەم بازرگانان لە لابردنی بازگەکان، پێدانی دۆلار بەنرخی فەرمی و چارەسەری کێشەی باج کۆتایییان پێ بێت. 

 

لە بەرامبەردا کونسوڵی گشتیی بەریتانیا سوپاسی وەزیری دارایی کرد بۆ ڕوونکردنەوە شەفافەکان و بەپێویستی زانی لایەنە کوردییەکان یەک دەنگ بن بۆ جێگیرکردنی شایستە داراییەکان.