باندێکی فێڵباز بەناوی بڕینەوەی مووچە بۆ نەخۆش و هەژاران لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین سەری هەڵداوە، کە 400 هەزار دیناری باڵانس لەم کەسانە وەردەگرن.
ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لەوە کردووە، ئەندامانی باندەکە لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە کەسانی نەخۆش، هەژار یان هاوسەرگیریان نەکردووە، تاوانباران بە بەڵێنی درۆینەی وەک: (بڕینەوەی مووچە، ناردن بۆ دەرەوەی وڵات بە مەبەستی چارەسەر، یان دابینکردنی پێداویستیی ناوماڵ، متمانەی هاووڵاتییان بەدەست دەهێنن).
پۆلیسی ڕاپەڕین ئاشکرای دەکات، تۆڕەکە لە بەرامبەر جێبەجێکردنی بەڵێنەکانیاندا داوای 400 هەزار دینار باڵانسی تەلەفۆن لە قوربانییەکانیان دەکەن، بەڵام ڕاستەوخۆ دوای وەرگرتنی باڵانسەکە ژمارەکانیان دادەخەن.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، تاوانباران پێشتر زانیاریی کەسی و شوێنی دانیشتنی قوربانییەکان کۆدەکەنەوە و بە زمانی پاراو خەڵک دەخەڵەتێنن.
لە کۆتاییدا بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ڕاپەڕین داوا لە هاووڵاتییان دەکات، بە هیچ شێوەیەک متمانە بە پەیوەندیی لەو شێوەیە نەکەن و لە کاتی بەرکەوتنیاندا نزیکترین بنکەی پۆلیس ئاگادار بکەنەوە.