دانپێدانانی فەرمیی وەزارەتی جەنگی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە کەمبوونی کۆگاکانی تەقەمەنی بەهۆی ڕووبەڕووبوونەوە سەربازییەکان لەگەڵ ئێراندا، بەربەستی نوێ لەبەردەم ستراتیژە سەربازییەکانی واشنتندا لە ناوچەکە دروست دەکات.

 

ئەمڕۆ وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) لە ڕاپۆرتێکی پشکنەری گشتیدا ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ناسراو بە (داستانی تووڕەیی) لە ماوەی نێوان 28ی شوبات تا 30ی حوزەیراندا، نزیکەی 33.4 ملیار دۆلاری تێچووە، لەو بڕەش 22.3 ملیار دۆلاری تەنیا بۆ تەقەمەنی تەرخان کراوە.

 

بەپێی ڕاپۆرتەکەی پێنتاگۆن، بەکارهێنانی لەڕادەبەدەری مووشەکە بەرپەرچدەرەکان کێشەی بۆ کۆگا ستراتیژییەکان دروست کردووە و کارگەکانی چەکسازیش ناتوانن بەخێرایی پێداویستییەکان پڕ بکەنەوە، لەکاتێکدا پێشتر ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بوونی ئەم کێشەیەی ڕەت دەکردەوە و جەختی لە هەبوونی بڕێکی بێسنووری تەقەمەنی دەکردەوە.

 

بەڵگەنامە فەرمییەکەی پێنتاگۆن ئاشکرای دەکات، سەرەڕای بەکارهێنانی چڕی مووشەکی بەرگری، وەڵامەکانی ئێران بوونەتە هۆی وێرانبوون و زیانگەیشتن بە سەدان باڵەخانە و دامەزراوە لە بنکە ئەمریکییەکانی هەشت وڵاتدا، لەوانە: عێراق، کوێت، بەحرێن، قەتەر، ئیمارات، سعودیە، عومان، ئوردن. هاوکات زیان بەر بارەگا دیپلۆماسییەکانیش کەوتووە.

 

لەسەر ئاستی هێزی ئاسمانی، بەڵگەنامەکە ئاماژە بە تێکشکانی 4 فڕۆکەی جۆری ئێف-15 و زیانپێگەیشتنی فڕۆکەیەکی ئێف-35 دەکات، هەروەها لەناوچوون و زیانلێکەوتنی 7 فڕۆکەی سووتەمەنیبەخشی جۆری کەی سی-135 لەگەڵ خستنەخوارەوەی نزیکەی 30 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتووی ئێم کیو-9 ڕیپەر پشتڕاست کراوەتەوە.

 

شەڕی بەرفراوانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە 28ی شوباتدا و لەڕێگەی هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران سەری هەڵدا، لەئێستاشدا زیاتر لە 50 هەزار سەربازی ئەمریکی بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەکاندا دەکەن، کەمیی تەقەمەنیش هۆکاری سەرەکی بووە بۆ ئەوەی واشنتن لە وەرزی هاویندا پەنا بۆ هێرشی بەرفراوان نەباتەوە.