ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەریی کێنەدی لە واشنتن ڕووبەڕووی قەیرانێکی داراییی قووڵ بووەتەوە و ئەگەری داخستنی تەلارە سەرەکییەکەی لە ئارادایە، بەهۆی نەبوونی بودجەی پێویست بۆ نۆژەنکردنەوە و دابینکردنی مووچەی کارمەندەکان.
ئەمڕۆ ڕۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی بڵاوی کردەوە، ڕاپۆرتێکی ناوخۆییی ناوەندی کێنەدی لە 57 لاپەڕەدا هۆشداریی داوە کە دەزگاکە لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا توانای دانی مووچەی فەرمانبەران و جێبەجێکردنی گرێبەستەکانی نۆژەنکردنەوەی نامێنێت.
لە ڕاپۆرتەکەدا داوا لە ئەندامانی ئەنجوومەنی باوەڕپێکراوانی دامەزراوەکە کراوە لەنێوان 10 دەقی جیاوازدا یەکێکیان هەڵبژێرن بۆ دانانی لەسەر ڕووی دەرەوەی بیناکە، لەپێناو بەفەرمی ناساندن و ستایشکردنی ڕۆڵی ترەمپ لە کۆکردنەوەی کۆمەکی دارایی بۆ پڕۆسەی نۆژەنکردنەوە.
قەیرانە دارایییەکەی دامەزراوەی کێنەدی دوای ئەوە هات کە ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەندان کۆنسێرت و چالاکییەکانیان لەو ناوەندە هەڵوەشاندەوە، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر دەستێوەردانەکانی ترەمپ لە بەڕێوەبردنی دەزگاکەدا، بەو هۆیەوە فرۆشی بلیتی چالاکییەکان بۆ نزمترین ئاستی خۆی لە دوای سەردەمی پەتای کۆرۆناوە دابەزی.
داهاتی پێشبینیکراوی ناوەندەکە لە 220 ملیۆن دۆلارەوە بۆ 124 ملیۆن دۆلار دابەزیوە، ئەمەش کورتهێنانێکی دارایی بە بڕی نزیکەی 23 ملیۆن دۆلار دروست دەکات، سەرەڕای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا زریانێکی بەهێز زیانی مادیی زیاتری بە تەلارەکە گەیاندووە.
دۆناڵد ترەمپ لە سەرەتای ساڵی 2025دا دەستەی کارگێڕیی ناوەندەکەی گۆڕی و ناوی خۆی بە پیتی زێڕین لەسەر بیناکە نەخشاند، بەڵام دادگای فیدراڵی گۆڕینی ناوی ناوەندەکەی بە نایاسایی زانی و فەرمانی بە لادانی ناوی ترەمپ کرد.
وتەبێژی ناوەندەکە ئیدارەی پێشووی بە کەمتەرخەمی لە چاککردنەوەی بیناکە بۆ ماوەی چەندین دەیە تۆمەتبار کرد، لە کاتێکدا لایەنگرانی پڕۆژەکە پێداگری دەکەن کە مانەوەی ناوی ترەمپ تاکە ڕێگەیە بۆ ڕاکێشانی سەرمایەداران لەپێناو ڕزگارکردنی دامەزراوەکە لە مایەپووچبوون.
ناوەندی جۆن کێنەدی بۆ هونەرەکانی نمایش لە ساڵی 1971دا وەک ناوەندێکی نیشتمانیی کولتووری بۆ یادکردنەوەی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە واشنتن کرایەوە و بە یەکێک لە گرنگترین هێما هونەرییەکانی ئەو وڵاتە دادەنرێت.