لە سەرانسەری عێراقدا تەنها لە یەک مانگدا پێنج هەزار و 775 حاڵەتی جیابوونەوە تۆمارکراوە، بەمەش تێکڕا دەگاتە یەک حاڵەتی جیابوونەوە لە هەر 7.5 خولەکێکدا.

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق ئاماری جیابوونەوە و هاوسەرگیری مانگی ئابی بڵاوکردەوە، کە تێیدا پێنج هەزار و 775 حاڵەتی جیابوونەوە تۆمارکراوە، لە کاتێكدا ئاماری هاوسەرگیری گەیشتووەتە 21 هەزار و 133 گرێبەست.

 
ئاماری ئەنجوومەنەکە ئەوەش دەردەخات، لە مانگی ئابدا زۆرترین گرێبەستی هاوسەرگیری لە پارێزگای نەینەوا بووە کە بە سێ هەزار و 365 لە پێشەنگی لیستەکەدایە، دوای ئەویش ڕەسافە دێت بە دوو هەزار و 680 گرێبەست و دواتر کەرخ بە دوو هەزار و 339 گرێبەستدا هاتووە.

هەر بەپێی بڵاوکراوەکەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق، بەغدا و ڕەسافە زۆرترین حاڵەتی جیابوونەوە تێیدا تۆمارکراوە کە بە هەزار و 124 لە پلەی یەکەمدایە، دواتر کەرخ بە هەزار و 113 حاڵەت دێت و لە نەینەواش لە مانگی ئابدا 645 حاڵەت تۆمارکراوە.

شارەزایانی کۆمەڵایەتی و یاسایی هۆکاری بەرزبوونەوەی ڕێژەی جیابوونەوە بۆ فشارە ئابوورییەکان، هاوسەرگیری پێشوەختە، سۆشیال میدیا، بەراوردکاری و جیاوازیی بیر و بۆچوونەکانی نێوان هاوسەران دەگەڕێننەوە.