وەزارەتی دەرەوەی ئێران کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی نەمسای لە تاران بانگهێشت کرد، دوای ئەوەی ڤیەنا ڕەتی کردەوە ڤیزا بە شاندی ئەتۆمیی ئێران بە سەرۆکایەتیی محەممەد ئیسلامی بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بدات.
ئەمڕۆ ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە تاران ڕایگەیاند، بڕیاری حکومەتی نەمسا بۆ نەدانی ڤیزا بە شاندی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەنگاوێکی تەواو بێ پاساوە، وتەبێژەکە ڕوونی کردەوە، ئەم ڕووداوە لەژێر گوشاری ڕاستەوخۆی ئەمریکادا ئەنجام دراوە.
لە بەرامبەردا کریس ڕایت، وەزیری وزەی ئەمریکا لە لێدوانێکدا لە ڤیەنا ئاشکرای کرد وڵاتەکەی دژی بەشداریکردنی محەممەد ئیسلامی بووە لە کۆنفرانسەکەدا، چونکە ناوبراو لەژێر سزاکاندایە و داواکارییەکەی بۆ بەخشین لە سزاکان ڕەتکراوەتەوە، واشنتنیش ڕێگە نادات کەسانی سزادراو لە جێبەجێکردنی بڕیارەکان دەرباز بن.
تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران ئاماژەی بەوە کردووە، محەمەد ئیسلامی و شاندەکەی ڕۆژی شەممە بە گەشتێکی ئاسایی بەرەو ڤیەنا بەڕێکەوتبوون، بەڵام لە ڕێگەدا بەهۆی ئاستەنگییەکانی ئەمریکاوە گەشتەکەیان پەکخرابوو و لە هەمان ڕۆژدا ناچار بە گەڕانەوە بوون بۆ تاران.
سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی لە ڤیەناش بۆ ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس پشتڕاستی کردەوە، ڕێگری لە چوونەژوورەوەی بەرپرسە ئەتۆمییەکەی ئێران بۆ ناو خاکی نەمسا لەسەر داواکاری و فشاری بەرپرسانی ئەمریکی بووە. هاوکات بێهرووز کەمالوەندی، بەرپرسی باڵای ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران، ئەم هەڵوێستەی ئەمریکای بە ڕەفتارێکی 'دوژمنکارانە' ناوبرد و داوای بەرپەرچدانەوەی کرد.
ئەم ئاڵۆزییە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە پەیوەندییەکانی نێوان تاران و واشنتن دوای هێرشە سەربازییەکانی سەرەتای ساڵ بۆ سەر دامەزراوەکانی ئێران گەیشتوونەتە ئاستێکی پڕمەترسی، کە ئامانج لێیان ڕێگریکردن بوو لە فراوانبوونی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەو وڵاتە.
کۆنفرانسی گشتیی ساڵانەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA) ئەمڕۆ لە ڤیەنا دەستی پێکرد و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بەردەوام دەبێت، لەم کۆبوونەوەیەدا نوێنەرانی 177 دەوڵەتی ئەندامی ئاژانس بەشداری دەکەن و باس لە گرنگترین بابەتەکانی بواری وزەی ئەتۆمی، بەکارهێنانی ئاشتییانەی تەکنەلۆژیای ئەتۆمی، ئاسایشی ئەتۆمی و کار و بوودجەی ئاژانس دەکرێت.