لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ پەرەپێدانی کەرتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان، دوو بەشی نوێی چاودێریی چڕ بە توانستی 90 قەرەوێڵە لە نەخۆشخانەی فێرکاریی سۆران دادەمەزرێن.
ئەمڕۆ دکتۆر کامەران مەلا محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سۆران ڕایگەیاند، بەشی چاودێریی چڕی منداڵانی ناکام لە 40 قەرەوێڵە و بەشی چاودێریی چڕی نەخۆشییە گشتییەکان لە 50 قەرەوێڵە پێکدێن، بە تەواوی ئامێر، پزیشکی پسپۆڕ و ستافی تەندروستیی پێویستەوە ئامادە کراون.
ناوبراو ڕوونی کردەوە، پێشتر هاووڵاتییان بۆ مانەوەی هەر شەوێکی منداڵانی ناکام لە نەخۆشخانە تایبەتەکان یان گواستنەوەیان بۆ هەولێر، ناچار بوون لە نێوان 500 هەزار بۆ 1 ملیۆن و 500 هەزار دینار خەرج بکەن، بەڵام لەمەودوا ئەو خزمەتگوزارییە لە سۆران بە بێبەرامبەر پێشکەش دەکرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سۆران باسی لەوەش کرد لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕەزامەندی لەسەر دابینکردنی چەندین ئامێری پێشکەوتووی پزیشکی دراوە، لەوانە ئامێری زرنگانەوەی موگناتیسی (ئێم ئاڕ ئای)، ئامێری شکاندنی بەردی گورچیلە، تاقیگەی تایبەت و 22 ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن.
کامەران مەلا محەمەد ئاشکراشی کرد کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا دوو نەخۆشخانەی دیکەی 50 قەرەوێڵەیی لە شارۆچکەکانی سیدەکان و پیران، لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری دانیشتووانی ناوچەکە دروست بکەن.
کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چەند ساڵی ڕابردوودا، سەرنجی خستووەتە سەر بەهێزکردنی ژێرخانی تەندروستی لە ئیدارە سەربەخۆکان، بە ئامانجی کەمکردنەوەی جیاوازیی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان لە نێوان شارە گەورەکان و ناوچەکانی دەوروبەردا.