بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێ مووشەک ئاراستەی کەمپێکی نیشتەجێبوونی کۆمەڵە لە سنووری پارێزگای سلێمانی کران، هاوکات دەنگی زنجیرەیەک تەقینەوەی بەهێز لە چەندین ناوچەی تری سلێمانی و هەڵەبجە بیسترا.

 

ئەمڕۆ عەلی ڕەنجبەری، بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕیی زەحمەتکێشانی کوردستان لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، کاتژمێر 3:10ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 14ی ئەیلوول، کەمپی نیشتەجێبوونی خێزانەکانی کۆمەڵە لە ناوچەی زڕگوێزەڵە بە سێ مووشەک کراوەتە ئامانج.

 

بە گوتەی بەرپرسەکەی کۆمەڵە، شوێنی هێرشەکە ناوچەیەکی مەدەنییە و هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتووەتەوە، هێرشەکە تەنیا زیانی مادیی هەبووە و سەرجەم دانیشتووانی کەمپەکە سەلامەتن.

 

هاوکات لە سنووری شارۆچکەی قەرەداغ، بەتایبەت لە گوندی داری زیایین، تەقینەوەیەکی بەهێز ڕووی داوە کە بووەتە هۆی دروستبوونی چاڵێکی گەورە لە زەویدا و ئاگر لە پووش و پاوانی ناوچەکە کەوتووەتەوە. هاووڵاتییان لە ناوچەکانی هەڵەبجە، دەربەندیخان، شارەزوور و زەڕایەنیش دەنگی بەهێزی تەقینەوەیان لە هەمان کاتدا بیستووە.

 

بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی ئاماژەی بەوە کردووە کە هێرشەکان لە ئێرانەوە ئەنجام دراون، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ ئەو مانگرتنە گشتییەی بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە لەسەر بانگەوازی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە بچێت.

 

به‌پێی زانیارییه‌كان، دەزگا ئەمنییەکان دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکان و لێکۆڵینەوەیان بۆ زانینی هۆکار و سەرچاوەی تەقینەوەکان دەست پێ کردووە.