پایتەخت

27 زیندانی لە بەندیخانەی ناسریە سووتێنران

27 زیندانی لە بەندیخانەی ناسریە سووتێنران
کورتە

نزیکەی 30 زیندانی لە ناسریە بە زیندووی سوتێندراون و حکومەتیش هیچ بەدواداچوونێکی بۆ نەکردووە



کۆمەڵەی زانایانی موسوڵمان لە عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و باس لەوە دەکات، لە زیندانی ناسریەی عێراق کارەساتێکی گەورەی مرۆیی ڕوویداوە و حکومەتی عێراقیش تاوەکو ئێستا هیچ لێکۆڵینەوەیەکی لە تاوانەکە نەکردووە و بێدەنگیی هەڵبژاردووە. 

کۆمەڵەی زانایانی موسوڵمان لە عێراق ڕایگەیاندووە، زانیاری پشتڕاستکراوە و وردیان پێگەیشتووە کە ڕووداوێکی سووتاندنی ترسناک لەناو زیندانی ناوەندی ناسریە ناسراو بە "الحوت" (نەهەنگەکە) لە پارێزگای دی قر لە باشووری عێراق ڕوویداوە، ڕووداوەکە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 27 زیندانی و لەوانەیە زیاتریش، کە لە بارودۆخێکی نهێنی و ترسناکدا سووتێنراون و گیانیان لەدەستداوە، زیندانییەکان هێشتا تەرمەکانیان لە بەشی پزیشکی دادوەریدا کەڵەکە بووە، لە نێوان پەردەپۆشکردنی بە ئەنقەستی حکومەت و بێدەنگییەکی گوماناویی میدیاکانی عێراقدا ئەم جینۆسایدە ون بووە و شاردراوەتەوە.

کۆمەڵەی زانایانی موسوڵمان لە عێراق پێی وایە، کە تاوانی قڕکردنی ئەو دەستگیرکراوانەی لەناو زیندانی ناسریە سووتێنراون، ڕەنگدانەوەی قەبارەی کارەساتی مرۆیی لە زیندانەکانی حکومەتی عێراقدایە و ناشیرینترین شێوەی نادادپەروەری و ستەمکاری ئاشکرا دەکات، کە دەسەڵاتی سیاسی عێراق پیادەی دەکات.

کۆمەڵەکە بە ڕەخنەگرتن لە شێوەی ئیدارەدان لە زیندانەکانی عێراق لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەوەی لە زیندانی ناسریە ڕوویدا تاوانێکی نوێی جینۆساید پێکدەهێنێت، ئەمەش تۆمارێکی تاریک و خوێناوی زیاتر دەکات، کە پێشتر تاوانی دیکەی لەم چەشنە ڕوویداوە، ترسناکترین وێنەی نادادپەروەری و ستەمکاری دەهێنێتە بەرچاو، هەروەها قەبارەی ئەو کارەساتە مرۆییە دووپات دەکاتەوە کە دەستگیرکراوەکان لە زیندانەکانی حکومەتدا تووشی دەبن، ئەمەش ئەو شتانە دەگرێتەوە کە ساڵانێک لەمەوبەر لە هەمان زینداندا ڕوویدا، کاتێک ١٥ دەستگیرکراو کارەبایان لێدرا و گیانیان لەدەستدا، پاشان ئیدارەی زیندانەکە بە درۆ و چەواشەکاری بانگەشەی ئەوەی کرد کە بەهۆی کارەباوە و بە ڕووداوێکی نەخوازراو ئەو زیندانییانە گیانیان لەدەستداوە. 

جێی باسیشە، کە تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەبارەی ئەم ڕووداوەی زیندانی ناسریەوە هیچ ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو نەکردووەتەوە، بەڵام کۆمەڵەی زانایانی موسوڵمان لە عێراق داوای ئەوە دەکات، کە حکومەتی عێراق وەڵامدەری ئەم جینۆسایدە بێت و میدیاکانیش ڕووماڵی کارەساتەکە بکەن.

06 ئاب 2025 08:50
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025