70 کاندید لە کێبڕکێی هەڵبژاردن دوورخرانەوە

بەهۆی ساختەکردنی بەڵگەنامەی پەروەردە و گەندەڵییەوە، ژمارەیەک کاندید لە کێبڕکێ دوورخرانەوە
ژمارەیەک لە کاندیدانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق بە هۆکار و تۆمەتی جیاواز لە کێبڕکێکردن دوورخرانەوە.
ئەمڕۆ سێ شەممە، عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، بەهۆی ئەو ژمارەیەک کاندیدی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق، پێداویستیەكانی كاندیدبوونیان تەواو نەكردبوو، یان لیستەکانیان رێژەی لە (20%)ی رێگەپێدراو بۆ دەرچووانی قۆناغی ناوەندی تێپەڕاندووە، یان رێژەی نوێنەرایەتیکردنی (25%)ی ژنانی تێدا نەبووە، بۆیە 70 کاندید لە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکان دوورخرانەوە.
هاوکات بەشێکی دیکەش بەتۆمەتی گەندەڵی و پێشکەشکردنی بەڵگەنامەی پەروەردەیی ناڕاست و ساختە دوورخراونەتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، شەممەی داهاتوو تیروپشکی ژمارە قەوارە سیاسییەکان ئەنجام دەدرێت، رۆژی دواتریش دەنگدانی ئەزموونیی بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت، بۆ تاقیکردنەوەی ئامادەیی تەکنیکی و لۆجستی.
جێێ باسە ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق 11ـى 11ـی 2025ـى دیاری کردووە وەکو ڕۆژى هەڵبژاردنى پەرلەمان.